وەزیری نوێی دەرەوەی سوریا هۆشداری دەدات بە ئێران كە ئاژاوە لە سوریا نەنێتەوە
  2024-12-25       231       

ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سوریا هۆشداری دەداتە ئێران كە نابێت ئاژاوە لە سوریا دروست بكات بەڵكو لەسەریەتی رێز لە ئیرادەی گەل و سەروەریی وڵاتی سوریا بگرێت.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەسعد شیبانی لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی"دەبێت ئێران رێز لە ئیرادەی گەلی سوریاو سەروەریی و ئاسایشی سوریا بگرێت. هۆشدارییان دەدەینێ لەبارەی دروستكردنی ئاژاوەو پشێوی لە سوریاو بەرپرسیارێتی لێكەوتەكانی لێدوانەكانی ئەم دواییەیان دەخەینە ئەستۆ."

ئەسعەد شیبانی لێدوانەكانی ئێرانی لەوبارەیەوە دیاری نەكردون، بەڵام قسەكانی لەدوای ئەوە دێن كە رۆژی یەكشەممە، عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە گەنجانی سوریا كرد، روبەڕوی ئەوانە ببنەوە كە لەپشت روداوەكانی سوریا و "نەهێشتنی ئاسایش"ەوەن لەو وڵاتە.

خامەنەیی وتی"چاوەڕێ دەكەین گروپێكی بەهێز لە سوریا سەر هەڵبدات، چونكە گەنجانی سوریا ئەمڕۆ هیچیان نییە لەدەستی بدەن، قوتابخانە، زانكۆ و ماڵ و شەقامەكانیان كراونەتە شوێنی ناسەقامگیر."

وتیشی"بۆیە دەبێت گەنجانی سوریا بەوپەڕی هێزەوە دژی پیلانگێڕان و ئەوانە بوەستنەوە كە بونەتە مایەی نەبونی ئاسایش و بەسەریاندا سەربكەون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×