وەزارەتی ناوخۆی سوریا رونكردنەوە لەبارەی ڤیدیۆی سوتاندنی مەزارێكی ئایینی عەلەوییەكان دەدات
  2024-12-25       427       

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی كە بڵاوكراوەتەوەو تێیدا دەستدرێژی كراوەتە سەر مەزارێكی ئایینی عەلەوییەكان لە حەڵەب، كۆنەو هی ئەو كاتەیە كە حەڵەب لە دەست هێزەكانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد رزگاركراوە.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی راگوزەری سوریا راگەیەندراوێكی لەبارەی سوتاندنی مەزارێكی ئایینی عەلەوییەكان لە حەڵەب و خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عەلەوییەكان بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەیان هەزار سوری لە پێكهاتەی عەلەوی، لە شارەكانی حمس، لازقیە، تەرتوس و قەرداحە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەكردنی سوتاندنی مەزارێكی ئایینیان لە حەڵەب.

خۆپیشاندانەكان دوای ئەوە هاتن كە ڤیدیۆییەك بڵاوكرایەوە تێیدا مەزاری پیاوێكی ئایینی عەلەوییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەسوتێنرێت و پێنج كەسی مەدەنی لە پاسەوانانی مەزارەكە دەكوژرێن.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی راگوزەری سوریا لە راگەیەندراوەكەیدا جەختی كردۆتەوە كە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوكراوەتەوە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی ئازادكردنی شاری حەڵەب لە دەستی سوپای رژێمەكەی ئەسەد و راشیگەیاندوە، كۆمەڵێك چەكداری نەناسراو ئەو كارەیان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە لە ئێستادا بۆ دروستكردنی ئاژاوەیە لەنێو گەلی سوریادا لەم ساتەوەختە حەساسەدا.

وتوشیەتی، دەزگاكانیان شەو و رۆژ كاردەكەن بۆ پاراستنی شوێنە ئایینییە پیرۆزەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×