راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی تەوتینی موچەو هەژماری من
  2024-12-22       436       

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزارەتەكانی راسپاردون بۆ تەوتینكردنی موچە پەیوەندی لەگەڵ بانكە ئەهلییەكان پتەو بكەن. دەشڵێت، تا ئێستا نزیكەی 700 هەزار موچەخۆر خۆیان لە هەژماری من تۆماركردوەو زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشراون.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، كۆبوەتەوە.

لە كۆبونەوەكەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، گفتوگۆ لە سەر دوایین بەرەوپێشچونەکانی پڕۆژەی هەژماری من لەسەر ئاستی پارێزگاکان کرا و بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و موچەخۆر لە ڕێگای هەشت بانکەوە خۆیان تۆمارکردوە، زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشكراون و 306 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستن.

وەزارەتی دارایی وتوشیەتی، بۆ مانگی تشرینی دوەم نزیکەی 221 هەزار موچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی موچە وەردەگرن و بۆ مانگی کانونی دوەمی ساڵی داهاتو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی موچەکانیان وەردەگرن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا تیشکخرایە سەر ئامادەکارییەکان بۆ  کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و لەوڕوەوە چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە لەساڵی داهاتودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابوری بکرێت.

وەزارەتی دارایی ئەوشەی خستۆتەڕو، لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا پێشوازی لە گشتاندنی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا، کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی کردوەو نوسخەشی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردوە و حکومەتی هەرێمی پابەند کردوە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزاروەتی دارایی، لە گشتاندنەكەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتوە، سەبارەت بەبەرەوپێشبردنی ژینگەی کارەکان و پتەوکردنی توانای بانکەکانی عێراق لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانکی زیاتر، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی ڕاسپاردوە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان، بەتایبەت لەبواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفەو قەرزی بەڵگەنامەیی و هەروەها هاوکاریکردن بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی و تەوتینکردنی موچەی فەرمانبەران.

وەزارەتی دارایی هەرێ وتویەتی"بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سود لەسەرجەم ئەو بانکە ئەهلیانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×