كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان ساماڵ و نیمچە هەور بێت و سبەینێش ئەگەری بارینی نمە باران هەیە بەتایبەت لە ناوچەكانی رۆژئاواو باكوری رۆژئاوای هەرێم و پلەكانی گەرماش كەمێك بەرزدەبنەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی یەكشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەکاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری بارینی نمە باران هەیە بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باکوری رۆژئاوای هەرێم.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سبەی پلەکانی گەرما 1 تا 2 پلە بەرزتر دەبن لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 14، سلێمانی: 13، دھۆک: 12، کەرکوک: 15، ھەڵەبجە: 11، زاخۆ: 14، حاجی ئۆمەران: 4، سۆران: 12، گەرمیان: 17 پلە.