رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا جەخت لە بەردەوامی هێرشەكانیان بۆ سەر شەڕڤانان لە سوریا دەكاتەوەو دەڵێت، نابێت "پەكەكە و یەپەگە" لە سوریا داهاتویان هەبێت و ئاشكراشیدەكات كە بەم زوانە وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی سوریا دەكات.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی، لە كاتی گەڕانەوەیدا لە میسرەوە بۆ توركیا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسانی وتی، كاتی كۆتاییهێنان بە شەڕڤانان كە ئەو بە "رێكخراوە تیرۆریستییەكان" ناوی بردن لە سوریا "ئێمە دەستنیشانی دەكەین، بۆ رەواندنەوەی هەر جۆرە مەترسییە لەسەر سنورەكانی باشوركان، ئەوە ئەنجام دەدەین."
سەرۆك كۆماری توركیا وەكو هەمو جارێك جەختی كردەوە كە رێكخراوەكانی پەكەكە و یەپەگە لە سوریا "بەزوترین كات" لەناودەبرێن.
ئەردۆغان جەختیشی كردەوە كە نابێت شەڕڤانانی یەپەگە لە سوریا داهاتویان هەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی توركیا وتی"هەمو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی دەسەڵاتی ئەسەد کە ستەمی لە گەلی خۆی کردوە لە بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتیدا وەڵامدەر بێت."
وتیشی، بەم زوانە وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان دەچێتە سوریا.
ئەوەشی خستەڕو، "بۆ ئەوە گەلی سوریا توشی هیچ کۆسپێک نەبن، لە قۆناغی راگوزەردا یارمەتیدەریان دەبین."
بەقسەی ئەردۆغان، سورییەكان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان دەدەن و توركیا تەنیا یارمەتیدەریان دەبێت بۆ دروستكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێ.
بەڵام ئەردۆغان لە قسەكانیدا ئەوەی نەشاردەوە كە دەیانەوێت دەسەڵاتی نوێی سوریا شەڕی شەڕڤانانی كورد بكات و وتی"ئێمە ناهێڵین دەسەڵاتی نوێی سوریا لە پرسی پەرەنگاربونەوەی داعش و پەكەكەدا، بەتەنیا بێت."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك كۆماری توركیا وتی"ڕوسەکان دەڵێن بیر لەوە ناکەنەوە کە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەیان لە سوریا دابخەن. بە بڕوای من ئەوە بۆ سوریا بەهادارە."
هەروەك وتیشی، "هاوکارییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ عێراق و سوریا پەرە پێدەدەین. ئەوە هەم دەرفەتێکە هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ سوریا."