مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت: شێوازی حكومڕانی لە عێراق نالۆژیکییە، لەجیاتی قەیران چارەسەر بکرێت قەیرانێکی دیکە دەخولقێنرێت.
ئاوێنە: مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا کە لە دووەمین فێستیڤاڵی ڕامان بۆ ئەدەب و کولتوور لەلایەن وتەبێژی حزبەکەیەوە خوێنرایەوە، باس لەوە دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا مەترسییەكی دیكەش سەریهەڵداوە، ئەویش پەیدابوونی دەستە و گرووپن كە خۆیان پێ بەرزترە لە دەستوور و یاسا و عورفی دەوڵەتداری.
هەروەها دەڵێت: ئێمە لە وڵاتێكدا دەژین كە پێی دەوترێت عێراق، وڵاتێكە بارگاوییە بە كۆمەڵێك قەیران و هەڵئاوساوە لە كێشە و گرفتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری.
دووپاتی دەکاتەوە کە ژینگەی عێراق وایە كە بە ئاسانی دەتوانرێت كێشە و قەیرانی تێدا دروست بكرێت، هەر بۆیەش قەیران لەدوای قەیران لەسەر یەك كەڵەكە كراون، قەیران دەخوڵقێنرێ بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكەی پێ دابپۆشرێت، لەم وڵاتەدا قەیران چارەسەر ناكرێت، بەڵكو ئیدارەی قەیران و كێشەكان دەدرێت، ئەم میتۆدەش بووەتە بەشێك لە هزری حكومڕانی و ئیدارەی ئەم وڵاتە.