2024-12-19   280     
ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ نوح یەڵماز، یاریدەدەری هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
ئاوێنە: نووسینگهی، ئەمیندارى یەکگرتوو له راگهیهنراوێكدا دهڵێ" لەسەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەنقەرەی کردوو".
لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ نوح یەڵماز کە بە ئامادەبوونی عەلی رەزا گونەی، بەرپرسی دۆسیەى عێراق بەرێوەچووە، گفتوگۆ لەسەر کۆتا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کراوە.
سەڵاحەدین بەهادئەین، هیواخواستبووە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی سووریا کۆتایی ستەم و نادادی بێت و ببێتە مایەی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بەڕووی تەواوی پێکهاتەکاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەیان بە گرنگی پاراستنی مافی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی تەواوی لایەنەکان کرد، بەتایبەتی کورد کە ستەمێکی دێرینی لەسەر بووە و ئێستاش خاوەنی واقیعێکی تایبەتی خۆیەتی".
لەبارەى کۆبوونەوەکانەوە، لوقمان باسکەدێری، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە تورکیا بە کەناڵ8ـی گوت، ئەمینداری یەکگرتوو بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەگەڵ یاریدەدەری فیدان کۆبووەتەوە.
باسکەدێری، گوتی، "باس لە دوایین رووداوەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی سووریا کراوە. ئەمینداری یەکگرتوو جەختی لە چارەسەری سوورییانەی کێشەکان کردووەتەوە و گوتوویەتی، پێویستە مافە نەتەوەیی، مەزهەبیی و ئایینییەکانی هەموو پێکهاتەکان بدرێت، بەتایبەت گەلی کورد کە خاوەن ئیدارەی خۆیانن."
نوێنەری یەکگرتوو لە ئەنقەرە باسی لەوەشکرد، ئەمینداری حیزبەکەیان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، پێویستە دیمەشقی نوێ بە دەستوورێکی نوێ رەچاوی مافەکانی کورد بکات.
تاوەکو ئێستا وەزارتی دەرەوەی تورکیا هیچ زانیارییەکی لەبارەی وردەکاریی کۆبوونەوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئاکپارتیی پەیوەندییەکی سیاسیی بەهێزیان هەیە و لە مانگی ئابی ئەمساڵیش هاکان فیدان لە سەردانەکەی بۆ هەولێر لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە و سەرەڕای ئاگربەستی کاتیی، پێکدادانەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامە.
چەند رۆژێکیشە هێزێکی زۆر لە سنوورەکانی کۆبانێ کۆکراونەتەوە و باس لە ئەگەری هێرشی سوپای تورکیا و گرووپە چەکادرەکان بۆ سەر کۆبانێ دەکرێت.