پەرلەمانی هۆڵەندا داوا دەکات حکومەتی هۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا كاربكەن بۆ ئەوەی "مافەکانی کورد لە قۆناغی راگوزەردا لە سوریا دەستەبەر بکرێن" و هەروەها داواش دەكات حكومەتی هۆڵەندا دەستوەردان بكات بۆ راگرتنی هێرشی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و داواكردن لە توركیا بۆ راگرتنی پشتیوانییەكانی بۆ ئەو گروپانە.
ئاوێنە: لە بڕیاری یەكەمدا كە لە كۆی 149 پەرلەمانتار، 146یان دەنگیان لەسەردا، پەرلەمانی هۆڵەندا داوا لە حکومەتی وڵاتەكەی دەكات لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دو دەوڵەت، داوا لە تورکیا بکات "دەستبەجێ هێرشی سەر کوردانی سوریا بوەستێنرێت" و، مافەکانی کورد لە سوریای داهاتودا دەستبەر بکرێن.
هەمان رۆژ پەرلەمانتار ئێریک فان دەر بورخ، لە پارتی گەل بۆ دێموکراسی كە بەشدارە لە حكومەت، پڕۆژە بڕیارێكی پێشكەشكرد كە تیایدا داوایکرد "کورد، ئێزدی و کریستیانەکانی سوریا لە توندڕەوی و جیهادیزم و تیرۆریزم بپارێزرێن."
لە كۆی 149 پەرلەمانتار، 146 پەرلەمانتار دەنگیان بەم پڕۆژە بڕیارەش دا كە تێیدا داوا لە حکومەتی هۆڵەندا دەكرێت لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا 'رۆڵێکی گەورە' بگێڕێ بۆ پاراستنی کورد و "بەدیهێنانی سوریایەکی سەقامگیر."