ئا: عەمار عەزیز
ھەر یەک لەپێکھاتەکانی کریستیانو ئێزیدی لەدوای شەڕی داعش زۆرترین کەسیان روویان لەدەرەوەی وڵات کردووەو ناتوانن لەم سەرژمێرییەدا خۆیان بژمێربکەن، بەقسەی شارەزایان ئەمە کاریگەری زۆر خراپ دەکاتە سەر ژمارەی پێکھاتەکانو رەنگە لەھەندێک شوێن ببێتە ھۆی گۆرینی دیمۆگرافیا.
"ئێزدییەکان بەناچاریی وڵاتی خۆیان بەجێدەھێلنو دەچنە دەرەوەی وڵات، لەلایەک ناوچەکانیان سەقامگیر نەبووەو دەیان کێشەیان ھەیە، لەلایەکی تر بۆ پەیداکردنی داھاتێک بۆ بژێوی ژیانی خۆیان بەئاوارەیی دەمێننەوە، یەک ئێزیدی کۆچ بکات کاریگەری زۆر خراپ لەسەر مانەوەمان دەکات لەعیراق، ترسمان لەوە ھەیە دواجار دیمۆگرافیای شنگال بگۆڕێت دوای ئەم سەرژمێریە". ئەمە قسەی بەکر گارس عەلی یە.
بەکر، زیاتر لە ١٠ ساڵە لەکەمپی شاریا نیشتەجێیە، ئەو ترسی ھەیە لەئەنجامدانی سەرژمێریو لەکاتی سەرژمێر کردنی خۆیو خێزانەکەی، بەئاوێنەی وت "لە دوای ٢٠١٤وە بەردەوام ئێزدییەکان روو لەدەرەوەی وڵات دەکەن، ئەوەش بەناچارییەوە کۆچ دەکەن، چونکە تا ئێستا دۆخی شنگال لەڕووی ئەمنیو خزمەتگۆزارییەوە سەقامگیر نەبووە، لەلایەکی تر بەدوای کار دەگەڕێنو دەستیان ناکەوێت، بۆیە بۆ پەیدایکردنی داھاتێک تا بتوانن بژین روو لەدەرەوەی وڵات دەکەن".
"وتیشی "زیاتر لە ١٠ ساڵە ئاوارەینو لەھەرێمی کوردستان دەژین، بەدڵنیایی ئەگەر ئێستا لەشنگال باینو لەوێ خۆمان تۆمارکردبا باشتر دەبوو، رەنگە لەدوای ئەم سەرژمێریە گۆڕینی دیمۆگرافیا لەشنگال رووبدات، کە دواجار خراپیەکەی ھەر بۆ ئێزیدییەکان دەگەڕێتەوە".
زۆرپەی پێکهاتەکانی عێراق بەگومانەوە لەمەبەستی راستەقینەی ئەم سەرژمێرییە دەڕوانن کە لەساڵی ١٩٩٧ەوە لەعێراقدا نەکراوەو لەساڵی ١٩٨٧ەوە لەهەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە.
خدر دێرو، راوێژکاری جڤاتی روحانی ئێزیدی ئاماژە بەوە دەکات کە سەژمێری شتێکی زۆر گرنگو ستراتیژییە بۆ ھەر وڵاتێک تا بزانرێت ژمارەی دروستی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە چەندە، دواتر لەسەر ئەنجامی سەرژمێری بودجەو رێژەی دامەرزاندنو نوێنەرایەتی ھەر پێکھاتەیەک لەپەرلەمان دیاریدەکرێت، ھاوکات نەخشەو پلانی وڵات بەشێوەیەکی وردو زانستی دادەڕیّژرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بەڵام بەبڕاوی من ئەنجامی سەرژمێری کاریگەری خراپ لەسەر ئایندەی ئێزدییەکان دەکات، بەتایبەت لەشنگال، چونکە ھەزاران کەس بەھۆی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال رویان لەدەرەوەی وڵات کردووە، ئەوانە ھەموویان پێشتر لەشنگال بوون ئێستا تۆمار ناکرێن، ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی قەزاکە دەبێت".
وتیشی "ئەمە ئەنجامە خراپەیە ھەر خەڵکی ئێمە باجەکەی دەدات، لەوانەیە بۆ پێکھاتەیەکی تر رێژەی دامەزراندنو خزمەتگوزاری جۆراووجۆریان بۆ زیاتر بێت".
ئێزیدییەک: ترسمان لەوە ھەیە دواجار دیمۆگرافیای شنگال بگۆڕێت دوای ئەم سەرژمێریە
کریستیانەکانیش بەھەمانشێوەی ئێزدییەکان بەھۆی شەڕی تائیفیو داعش، ھەروەھا مامەڵەی خراپی حکومەتی عیراق، لەچەند ساڵی رابردوودا، سەدان خێزانیان روویان لەدەرەوەی وڵات کردوەو نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەمەش مایەی نیگەرانی کریستیانەکانە .
خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئایینی لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان بەئاوێنەی ڕاگەیاند "سەرژمێری حاڵەتێکی شارستانییە، دەبوایە ھەر ١٠ ساڵ جارێک ئەنجام درابا تا بزانرێت ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە چەند، ھەروەھا ژمارەی تەواوی پێکھاتەکان بەنموونە کریستیان بزانرێت کە پێش ٢٠٠٣ ژمارەیان ٢ ملیۆن کەس بووە لەعیراق، دوای ٢٠٠٣ سەرژمێریەک کرا بوو بەپێی کەنیسەکان ملیونێکو ٨٠٠ ھەزار کریستیان ھەبووە، بەڵام بەھۆی شەری تائیفیو داعشو مامەڵەی خراپی حکومەتەکانی عیراق بەرامبەر کریستیانەکان، ئێستا رەنگە ژمارەیان بگاتە ٣٥٠ ھەزار کەس".
خالید وتی "تەنھا لەدەشتی نەینەوا لەکاتی شەری داعش ١٣٨ ھەزار کریستیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، ھەروەھا لەشارەکانی ناوەڕاستو خوارووی عیراق نزیکەی ملیونێک کریستیان ئاوارە بوون، ئەنجامی ئەم سەرژمێریە بۆمان دەردەخات کە ژمارەی راستەقینەی کریستیانەکان چەندە لەعێراقو ھەرێمی کوردستان، ئەنجامەکەشی بەھیوام خێرو باشی بێت بۆ کریستیانەکان".
وتیشی "بەم دواییە کۆرسیەکانی کۆتا لەپەرلەمانی کوردستان کەمکرانەوە لە١١ کورسی بۆ ٥ کورسی، ھیوادارین ئەمە جارێکیتر پێداچوونەوەی تیا بکرێتو سەنگو قورسایی کریستیانەکانو تەواوی پێکھاتەکان بەروونیو ئاشکرا دەرکەوێت تا ھیچ لایەنێک ھەست بەغەدر نەکات، لەگەڵ ئەمەش ژمارەیەکی زۆر لەکریستیانەکان روویان لەدەرەوەی وڵات کردوەو لەم سەرژمێرییەدا تۆمار ناکرێن، بەڵام ئەوە تازە رۆیشتو سوودیان نیە، چونکە ئەگەر لەناو وڵاتی خۆیاندا نەژینو لەدەرەوە بن سوودیان نیە".
دوای ٢٠١٤و ھاتنی چەکدارانی داعش، بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی دەست ئاوینە کوتوون ١٠٠ھەزار ئێزیدی لەشنگالو دەشتی نەینەواو ھەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، هاوکات تا ئێستاش ٧٠٪ی ئاوارەکانی شنگال نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
خەیری بوزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی بەئاوێنەی ڕاگەیاند "لەدوای ٢٠١٤وە ١٠٠ ھەزار ئێزیدی لەشنگالو دەشتی نەینەواو ھەرێمی کوردستان بەگشتی کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمانە ئێستا ھەموویان لەم سەرژمێرییە گشتییەدا تۆمارناکرێن، ئەوەش بێگۆمان کاریگەری لەسەر دۆخی ئێزدییەکان دەکات، ئەگەر عیراق بیەوێت ئەنجامی سەرژمێری وەکو کارتێک بەکاربهێنێت بەدڵنیایی کاریگەری لەسەر ئێزدییەکان دەبێت".
خەیری بۆزانی وتیشی "ھەستێکی خراپمان ھەیە لەبەرامبەر ئەنجامدانی سەرژمێری بەتایبەت لەم کاتەدا، ھیوادارین مافی ئێزیدییەکان پارێزراو بێت، چونکە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەرووی دەیان ھێرشی جۆراوجۆرو توندڕەویی بوونەتەوە، پێمان باشبوو سەرژمێری لەناوچە جێناکۆکەکان بەگشتی دواخرابا بۆ کاتێکی تر، چونکە سەرژمێری کاتێک باشو گرنگە کە خەڵک لەسەر خاکو زێدو ناوچەکانی خۆیان بن، نەک وەک ئێزیدییەکان کە بەشێکی زۆریان روویان لەدەرەوەی وڵات کردوەو بەشێکی تریان ئاوارەنو نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵو حاڵی خۆیان".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.