کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان: لەماوەی شەش مانگدا 80 ملیار دینار زیان بە کەرتی پەلەوەر کەوتووە
  2024-11-05       243       

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنووری سلێمانی داوا دەکات حکومەتی هەریم هاوکاریان بکات و دەڵێت " لەماوەی شەش مانگدا 80 ملیار دینار زیان بە کەرتی پەلەوەر کەوتووە و هیچ کەسێک نایەت بەدەم کێشەکانمانەوە ".

ئاوێنە: نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،" لەسەرەتای مانگی پێنجی 2024وە تا سەرەتای مانگی 11، واتا لەماوەی شەش مانگدا ئەگەر چوار هەزار هۆڵ بەنمونە وەربگرین کە بەرهەمەم هێنانی مریشکەکانیان بە زیان فرۆشراوە، هەر هۆڵێک 20 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە، کە دەکاتە 80 ملیار دینار، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەئاست ئەم بابەتە بێ دەنگە".

ئەوەشیخستەڕوو،" حکومەتی هەرێم پێی خۆشە ئەم کەرتە بەتەواوی نەمێنێت تا مریشکی بەستوو زیاتر هاوردەبکەن و پارەی هەرێم بڕواتە دەرەو، لەکاتێکدا کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان زیاتر لە 45 ملیار دۆلاری بەگەر خستووە لەکەرتی پەلەوەردا و زیاتر لە 400 هەزار هەلی کاری رەخساندووە، بۆیە حکومەتی هەرێم پێویستە هاوکاریمان بکات نەک دژایەتیمان بکات".

لەبارەی کێشەکانی بەردەم کەرتی پەلەوەردا باس لەوەدەکات،" ئێمە کێشەی بەبازاڕکردن و بەردەوامی نەخۆشی ڤایرۆسی و گرانبونی سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی عەلەف و گرانبونی نرخی جوچکمان ".

وتیشی،" ڕێگە نادرێت مریشکی زیندو لە بازگەکانی حکومەتی عێراقەوە بەفەرمی بگوازرێتەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش زیانی زۆری بە خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر گەیاندووە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×