2024-11-05   317     
دوای ئەوەی دوێنی دووشەممە، پەیامنێرێکی دەزگای میدیایی بوار لەلایەن دوو کەسەوە بریندارکرا، رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، ئەو دوو کەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
ئاوێنە: رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمشەو لە لایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتەوە ئاگادار کراینەوە، ئەو دوو پاسەوانەی لە رۆژنامەنووسەکەی چەمچەماڵیان داوە دەستگیرکراون".
رێکخەری سەنتەری میترۆ سەرکۆنەی هێرشی سەر رۆژنامەنووسەکەی کرد و داوای کرد هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسان بوەستێندرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر دەزگای میدیای بوار باسی لەوەکردبوو، وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دەزگاکە هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەش هێرشیانکردەسەر رۆژنامەنووسەکە و بە سەختی برینداریان کرد.