یەكەم لێدوانی مەشهەدانی لەدوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
  2024-10-31       365       

مەحمود مەشهەدانی لە یەكەم لێدوانیدا لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی بە پەرلەمانتاران دا كە وەك یەك تیمی هەماهەنگ كار بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی كە "خزمەت بە گەلی عێراق دەكەن."

ئاوێنە: مەحمود مەشهەدانی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە یەكەم وتەیدا لەدوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانەی كرد كە متمانەیان پێداوەو ئەوانەشی كە دەنگیان پێ نەداوەو وتیشی، هیچتان لای من جیاوازیتان نییەو ئەمە ئامڕازی دیموكراسییە كە بە بونی فرەیی و تێڕوانینی جیاواز دەناسرێتەوە.

وتیشی، هیوادارم لە ئاست ئەو متمانەیە بم كە پێتان بەخشیوم و بەڵێن دەدەم پێكەوە وەك یەك تیمی هەماهەنگ كار بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی كە لە خزمەت گەلی عێراقدان و دەستیش دەخەمە نێو دەستتان بۆ چاودێریكردنی ئەدای حكومەت و ئەو بەرنامەیەی حكومەتی كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە بۆ ئەوەی بگەین بە باشترین ئامانجی خوازراو.

ئاماژەی بەوەشدا، قەبارەی كاركردنی پەرلەمانی و رۆڵی چاودێریمان لە قۆناغی داهاتودا زیاد دەكات ئەوەش بەهۆی ژمارەی ئەو یاسایانەی كە لای لیژنەكانی پەرلەمانن بۆ ئەوەی تێپەڕێنرێن.

جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگی بونی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ كاراكردنی ئەو یاسایانەو كاركردن لەسەر كێشە و كۆسپەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەمیانی ژیانی پەرلەمانی و ئەو ئەزمونەی هەمە لە شتێكی زۆر گرنگ تێگەیشتوم كە ئەویش ئەوەیە جیاوازی نەك ناكۆكی لە بۆچون و تێڕوانینەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا شتێكی زۆر گرنگەو درەنگ یان زو دەچێتە خزمەتی سەرجەم ئەو پێشنیارو پڕۆژە یاسایانەی كە پەرلەمان دەیەوێت دەریان بكات.

مەشهەدانی لە كۆتایی وتەكەیدا جەختی لە پشتیوانیكردنی گەلی فەلەستین و لوبنان كردەوەو وتیشی، تەنیا بە گوتارو دروشم لەوبارەیەوە راناوەستین و بەڵكو لەگەڵ سەرجەم پەرلەمانە عەرەبییەكان و جیهانییەكان كاردەكەین بۆ دروستكردنی گوشارو دەركردنی بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕ و دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل و پاراستنی گەلان لە كۆمەڵكوژییەكانی زایۆنی و هەروەها بەردەوامیش دەبین لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ خێزانە ئاوارەكانی لە غەززەو لوبنان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×