ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، نوسراوی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕادەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەكەی ناکاتە ئەوەی یەكسەر بچێتەوە ماڵەوەو دەبێت دەورو تەسلیم بكرێت.
ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای ڕاگەیەنراوەکەی گۆڕان بۆ کشانەوە لە حکومەت نوسراوی دەست لەکارکێشانەوەم ڕادەستی سەرۆکی حکومەت کرد، بەڵام دەستلەکارکێشانەوە ناکاتە ئەوەی بچیتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت دەورو تەسلیم بکەیت و کەسێک بێتە جێگەکەت ئیش و کارەکان ڕایی بکات."
ڕۆژی 15ی 10ی 2024 و لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردندا دانا ئەحمەد مەجید وەکو ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو وێڕای داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەکە، کشانەوەی گۆڕانیشی لە حکومەت ڕاگەیاند.
ئاوات شێخ جەناب وتیشی،"وەزارەتی دارایی گرێدراوە بە ژیانی خەڵکەوەو ناچم کێشە بۆ ژیانی خەڵک دروست بکەم، ناشکرێت بە بێ وەرگرتنی ئەستۆپاکی وەزارەت جێبهێڵرێت."