پارتی وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە: "شارەزاو مامۆستای تێكدانە"
  2024-10-30       1010       

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لە پارتی وەڵامی لێدوانەكانی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی دەداتەوەو بە "شارەزاو مامۆستای تێكدان" ناوی دەبات و دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی "لە ڕوانگەی ڕەفتاری خۆی و مافیاکەیەوە سەیری شتەکان دەکات."

ئاوێنە: پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی حزبەكەوە لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن میدیای رەسمی ئەو پارتییەوە بڵاوكراوەتەوە، وەڵامی ئەو لێدوانانەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی دەداتەوە كە ئەمڕۆ لە دیداری مێری و پەراوێزی دیدارەكەدا كردنی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "ئەمڕۆ لە دیداری مێری لە شاری هەولێر بافڵ تاڵەبانی بەداخەوە وەك بڵێی هێشتا تای بانگەشە بەری نەدابێت لەچوارچێوەیەكی نامەنتقی و لوتبەرزانە و حیسابنەكردن بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئادابی ئاخاوتن دەرفەتی بۆ ڕەخسا، دیسان چەواشەكارانە و تێكدەرانە بدوێت. هەروەكچۆن خۆیشی نەیشاردەوە كە شارەزا و مامۆستای تێكدانن."

سەرچاوەكەی پارتی وتوشیەتی"بافڵ لەم پانێڵە زۆر قسەی بێسەروبەری كرد، كە ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی سنوردار و ناواقعبین و خۆسەپێنی ئەوە، ئەو گوتی دەڤەری سەوز بە ڕاستی سەوزە، ئەگەر ئەوە تاكڕەویی و خۆسەپاندن نەبێ ئەی چ ناوێكی لێ دەندرێت، بافڵ زۆر بە ئاسانی دەنگ و ڕەنگی دەیان هەزار دەنگدەری تری سنوری سلێمانی نادیدە دەگرێت و چاوی تەنیا خۆی و ڕەنگی حزبەكەی خۆی دەبیێنت، باشە ئەگەر بافڵ بەقەدەر پارتی دەنگی هێنابا لە پانێڵەكە چۆن قسەی دەكرد؟"

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە"بافڵ لە پانێلەکەدا پەنای بۆ هەمو جۆرە ناڕاستیەک برد و چیرۆکی سەیر و سەمەرەشی هۆنییەوە، گوایە لە دهۆک ڕێگری لە خوێندنی ئەندامانی یەکێتی دەکرێت و دوکانیان دەڕوخێندرێت. ئەو چەواشەکارییەی پێش ئەوەی بۆ خەڵکی ئاسایی مایەی پێکەنین بێت، لای ئەندامانی خۆیان لە دهۆک دەبێتە درۆیەکی شاخدار و ڕوی ڕاستیی ئەویان باشتر بۆ دەرکەوت."

سەرچاوەكەی پارتی وتویەتی"هەر لە قسەکانیدا بافڵ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت ماڵ و دوکان و نەخۆشخانەکانی ئەندامانی پارتی لە سلێمانی بە بلدۆزەر تەخت بکات. ئەو چونکە لە ڕوانگەی ڕەفتاری خۆی و مافیاکەیەوە سەیری شتەکان دەکات، پێیوایە هەر خەیاڵێکی سەرخۆشی هەبێت دەتوانێت جێبەجێی بکات. هەر ئەوەیە وای لێ کردوە دژی حکومەتێکی بەهێز و سەروەریی یاسا بێت. خەیاڵێک کە بە دڵنیاییەوە لە شکست زیاتر هیچ ئەنجامێکی بۆ بافڵ و تاقمەکەی نابێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بافڵ باسی دیارنەبونی داهاتی کرد، بەڵام ئەوەی دیار نییە داهاتی سلێمانییە کە وەزیری داراییش نازانێت چەندە، لە بافڵ دەپرسین داهاتی نەوتی قاچاخی کەرکوک کە لەگەڵ میلیشیاکان دەیفرۆشن چەندە؟.. لە بافڵ دەپرسین ئێوە بە چ سیفەتێک دژایەتیی پڕۆژەیەکی حکومی وەك هەژماری من دەکەن، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە، تۆ چ پۆستێکی حکومیت هەیە هەتا بڕیار لەسەر پڕۆژەکە و چارەنوسی خەڵك بدەیت؟ بافڵ نایەوێ بیبینێت ئەگینا خەڵكی كوردستان و كەوادیری یەكێتیش بۆیان ڕون بوەتەوە ئەو دژایەتییەی ئەو بەرانبەر پڕۆژەی هەژماری من هەیەتی لەبەر ئەوەیە بافڵ و كۆماندۆ و چەكدارەكانی چیتر ناتوانن موچەی خەڵك وەك چەك بەكاربێنن بۆ كڕینی وەلائی سیاسی، دەزانن هەژماری من كۆتایی بە نەریتی قێزەوه‌نی ترساندن و نانبڕین دەهێنێت كە ساڵانێكە مافیاكانی یەكێتی لەدژی كەوادیری خۆیان بەكاری دەهێنن. سروشتیە كە بافڵ دژی هەژماری من بێت چونكە عەقڵیەتی مافیا هەرگیز نایەوێ خەڵك خاوەنی ماڵ و داهاتی خۆی بێت."

لەبارەی قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی بڵاوكردنەوەی "دەنگی ساختە"ی خۆی و قوباد تاڵەبانی لەلایەن میدیای پارتییەوە، سەرچاوەكەی پارتی وتویەتی"بافڵ خۆی باشتر لە هەمو كەس دەزانێت كە دەنگەكە هی خۆی و براكەیەتی، لەجیاتی قسەی زل، با ئەو شەهامەتەیان هەبێ بچن لە كام كۆمپانیای پسپۆڕ و كام دادگە هەیە تاقی بكەنەوە و سکاڵا بکەن، بەڵام خۆیان باش دەزانن چ کەتنێکیان کردوە و بەو قسانە پینە ناکرێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

وەڵامێك بۆ بافڵ تاڵەبانی

ئەمڕۆ لە دیداری مێری لە شاری هەولێر بافڵ تاڵەبانی بەداخەوە وەك بڵێی هێشتا تای بانگەشە بەری نەدابێت لەچوارچێوەیەكی نامەنتقی و لوتبەرزانە و حیسابنەكردن بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئادابی ئاخاوتن دەرفەتی بۆ ڕەخسا، دیسان چەواشەكارانە و تێكدەرانە بدوێت. هەروەكچۆن خۆیشی نەیشاردەوە كە شارەزا و مامۆستای تێكدانن.

گەلی كوردستان لە كەشێكی ئارام و ئاشتیانەدا لە بیستی ئۆكتۆبەر بەشداری هەڵبژاردنێكی نمونەیی بو و ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێشوازییەكی گەرمی لێكرا. هیچ یەك لەو هاتوهاوارانەی بافڵ تاڵەبانی لە كاتی بانگەشەدا ئیدعای دەكرد نەهاتەدی، ئەگەرچی هەڵبژاردنەكە بوە چوار بازنە و كورسیی كۆتایش كەم كرایەوە، بەڵام ڕوخاندنی پارتی و كۆتایهێنان بە پارتی، كە بافڵ پڕ بە گەروی خۆی دەیقیڕاند، ڕێك پێچەوانەكەی دەرچو، كۆمیسیۆن سەركەوتو بو و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و، بەبێی ئەو زۆمبیانەش بەڕێوەچو، كە بافڵ ئیدعای دەكرد. بافڵ كە خۆی بە ماتماتیكزان لە قەڵەم دەدات چاوی ئەوە نابینێت، كە پارتی ڕێك دو هێندەی یەكێتییەكەی ئەو دەنگی هێناوە.

بافڵ لەم پانێڵە زۆر قسەی بێسەروبەری كرد، كە ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی سنوردار و ناواقعبین و خۆسەپێنی ئەوە، ئەو گوتی دەڤەری سەوز بە ڕاستی سەوزە، ئەگەر ئەوە تاكڕەویی و خۆسەپاندن نەبێ ئەی چ ناوێكی لێ دەندرێت، بافڵ زۆر بە ئاسانی دەنگ و ڕەنگی دەیان هەزار دەنگدەری تری سنوری سلێمانی نادیدە دەگرێت و چاوی تەنیا خۆی و ڕەنگی حزبەكەی خۆی دەبیێنت، باشە ئەگەر بافڵ بەقەدەر پارتی دەنگی هێنابا لە پانێڵەكە چۆن قسەی دەكرد؟!..

بافڵ لە پانێلەکەدا پەنای بۆ هەمو جۆرە ناڕاستیەک برد و چیرۆکی سەیر و سەمەرەشی هۆنییەوە، گوایە لە دهۆک ڕێگری لە خوێندنی ئەندامانی یەکێتی دەکرێت و دوکانیان دەڕوخێندرێت. ئەو چەواشەکارییەی پێش ئەوەی بۆ خەڵکی ئاسایی مایەی پێکەنین بێت، لای ئەندامانی خۆیان لە دهۆک دەبێتە درۆیەکی شاخدار و ڕوی ڕاستیی ئەویان باشتر بۆ دەرکەوت.

هەر لە قسەکانیدا بافڵ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت ماڵ و دوکان و نەخۆشخانەکانی ئەندامانی پارتی لە سلێمانی بە بلدۆزەر تەخت بکات. ئەو چونکە لە ڕوانگەی ڕەفتاری خۆی و مافیاکەیەوە سەیری شتەکان دەکات، پێیوایە هەر خەیاڵێکی سەرخۆشی هەبێت دەتوانێت جێبەجێی بکات. هەر ئەوەیە وای لێ کردوە دژی حکومەتێکی بەهێز و سەروەریی یاسا بێت. خەیاڵێک کە بە دڵنیاییەوە لە شکست زیاتر هیچ ئەنجامێکی بۆ بافڵ و تاقمەکەی نابێت.

بافڵ لە پانێڵەكەدا دور و نزیك بەلای ئەو هەمو نەهامەتی و تیرۆر و بڕین و تۆقاندنە نەڕۆیشت، كە لە سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆی و كۆماندۆكەیدا لەئارادایە، هیچ باسی ئەو نانبڕین و تێكدانی ناوخۆی یەكێتی و دورخستنەوەی تێكۆشەرانی ناو یەكێتیی نەكرد، بۆ بینەرانی شی نەكردەوە كێن ئەوانەی سنوری سلێمانییان كردوەتە سەنتەری بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، ڕونی نەكردەوە ئەو مافیاگەری و سەرانەسەندن و تێكدانی ژیانی خەڵك و سوتاندنی بازاڕەكان و شوێنی كەسابەت و كاری خەڵك چییە كە لەسەر دەستی چەكدار و مافیاكانی خۆی ئەنجام دراوە.

بافڵ باسی دیارنەبونی داهاتی کرد، بەڵام ئەوەی دیار نییە داهاتی سلێمانییە کە وەزیری داراییش نازانێت چەندە، لە بافڵ دەپرسین داهاتی نەوتی قاچاخی کەرکوک کە لەگەڵ میلیشیاکان دەیفرۆشن چەندە؟.. لە بافڵ دەپرسین ئێوە بە چ سیفەتێک دژایەتیی پڕۆژەیەکی حکومی وەك هەژماری من دەکەن، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە، تۆ چ پۆستێکی حکومیت هەیە هەتا بڕیار لەسەر پڕۆژەکە و چارەنوسی خەڵك بدەیت؟ بافڵ نایەوێ بیبینێت ئەگینا خەڵكی كوردستان و كەوادیری یەكێتیش بۆیان ڕون بوەتەوە ئەو دژایەتییەی ئەو بەرانبەر پڕۆژەی هەژماری من هەیەتی لەبەر ئەوەیە بافڵ و كۆماندۆ و چەكدارەكانی چیتر ناتوانن موچەی خەڵك وەك چەك بەكاربێنن بۆ كڕینی وەلائی سیاسی، دەزانن هەژماری من كۆتایی بە نەریتی قێزەوه‌نی ترساندن و نانبڕین دەهێنێت كە ساڵانێكە مافیاكانی یەكێتی لەدژی كەوادیری خۆیان بەكاری دەهێنن. سروشتیە كە بافڵ دژی هەژماری من بێت چونكە عەقڵیەتی مافیا هەرگیز نایەوێ خەڵك خاوەنی ماڵ و داهاتی خۆی بێت.

بافڵ باسی ئەو بەڵگەدەنگییە ئابڕوبەرەی خۆی و براكەشی كرد، كە لەكاتی بانگەشەدا بۆ ڕای گشتی خرایەڕو، بافڵ خۆی باشتر لە هەمو كەس دەزانێت كە دەنگەكە هی خۆی و براكەیەتی، لەجیاتی قسەی زل، با ئەو شەهامەتەیان هەبێ بچن لە كام كۆمپانیای پسپۆڕ و كام دادگە هەیە تاقی بكەنەوە و سکاڵا بکەن، بەڵام خۆیان باش دەزانن چ کەتنێکیان کردوە و بەو قسانە پینە ناکرێت.

لە كۆتاییدا دەڵێین لەبەرانبەر ئەو تاکڕەوی و ئاژاوەگێڕی و تێكدان و مافیاگەری و موخەدرات و تیرۆر و تۆقاندن و چەواشەكاری و هەوڵدان بۆ بنبەستی سیاسییەی یەكێتیە نوێیەكەی بافڵ دەیەوێ بەسەر كوردستاندا بسەپێنێت، ستراتیژیی پارتی ڕون و ئاشكرایە. ستراتیژیی پارتی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگری، یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەیە. ئەمە ستراتیژ و ئامانجی هەمو تاكێكی ئەم نیشتیمانە و ئامانجی هەمو تێكۆشەر و ئازادیخوازێكی كوردستانە. پارتی داکۆکیکار و مکوڕە لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە تا چیدی گروپی چەکدار لەژێر سایەی هەندێ لایەن بە ڕەفتاری مافیایی هەڵنەکوتنە سەر خەڵک و سێبەری قوڕسیان بەسەر شارێکدا نەسەپێنن. ⁠پارتی سەرەڕای ئەو پیلانگێڕیانەی دژی کرا بۆ سەپاندنی دیزاینێکی پێشوەختە، زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی کوردستانی هێناوە و وەک گەورەترین حزب و خاوەنی زۆرترین کورسی، حکومەت پێک دەهێنێت و بۆ ئەوەش دەرگای بۆ هەمو لایەنەکان کراوەیە، هەر كەس و لایەنێک بە خەیاڵی ڕێگرتن لەو ئامانجە پیرۆزانە بێت، شکستی گەورەتر چاوەڕێی دەکات، ⁠سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی هانمان دەدات حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنین تا کۆتایی بە خۆسەپاندنی ئەوانە بێت کە لەجیاتی پڕۆژەی ئاواکاری، خەریکی دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنان و ترانزێتی ماددەی هۆشبەرن.

سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان

30-10-2024

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×