پارتی: مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی كابینەی دەیەمی حكومەت رادەسپێردرێت
  2024-10-30       612       

عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی رایگەیاند، حزبەكەیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێكی سیاسی نییەو دەشڵێت: مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكی كابینەی دەیەمی حكومەت رادەسپێردرێت و ئەوەی ئامادەبێت بە پابەندبون بە بەرنامەی پارتی و سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، گفتوگۆی لەگەڵ دەكەین.

ئاوێنە: عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وتی "ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین حکومەتی سەرتاسەری پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین پارتی خزمەتی خەڵک دەکات."

عەلی حسێن وتیشی، ئێمە وەک پارتی ڤیتۆمان لەسەر ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە و مەسرور بارزانی، بۆ سەرۆکی کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێمی كوردستان ڕادەسپێردرێت كه‌ "بەرنامەی خۆی دەبێت ئه‌ویش بەرنامەی پارتییە، ئامانجیشمان یەک حکومەتی سەرتاسەری و یەک ھێزی پێشمەرگە و ئیرادەی سیاسییە کە گوزارشت لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بکات."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشدا"لە چەند ڕۆژی داھاتودا وەفدێکی پارتی دەستبەکار دەبێت و سەردانی لایەنەکان دەکات، ئەوەی ئامادە بێت و بە بەرنامەی پارتی و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو پابەند بێت، ئامادەین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین و حکومەتی لەگەڵ پێکبێنین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×