سامانە سروشتییەكان: رێگری لە گەیاندنی نەوتی رەش بۆ وێستگەی كارەبای تاسڵوجەو سلێمانی دەكرێ
  2024-10-31       362       

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە رێگری لە گەیاندنی نەوتی رەش بۆ هەردو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای تاسڵوجە و سلێمانی دەكرێت و بەوهۆیەوە هەردو وێستگەکە به قەبارەى 80 مێگاوات کارەبا لەکارکەوتون.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمى ئەمساڵ، ڕێگری لە گەیاندنی نەوتی رەش بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی 51 مێگاوات کارەبای تاسڵوجە و وێستگەی بەرهەمهێنانی 29 مێگاوات کارەبای سلێمانی دەکرێت. نەوتەکە لە هەولێرەوە بۆ هەردو وێستگەکە دەنێردرێت و کارەبای بەرهەمهاتو دەچێتە ناو تۆڕی کارەباى هەرێم و بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت."

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتوشیەتی، وەزارەتەكەیان "هەوڵێکی زۆری بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داوە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە و هەردو وێستگەکە به قەبارەى 80 مێگاوات کارەبا لەکارکەوتون و زیانی گەورەی بە بەرهەمهێنانی کارەبا گەیاندوە."

وەزارەتەكە داوای كردوە "بەزوترين كات رێگا بە گواستنەوەی سوتەمەنى له بازگەكان بدرێت، تاكو ئەم دو ويستگەيه جارێکی تر بەگەڕ بخرێنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×