بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا: هەژماری من كۆتایی هاتوەو كار بە تەوتین دەكەین
  2024-10-31       368       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەمریكا، رایگەیاند، توانیان كۆتایی بە تاكڕەوی بهێنن و نەهێڵن چیتر حوكمڕانی چەوت درێژە بكێشێت و ئەو حكومەتەشی كە دروست دەكرێت هی خەڵك دەبێت نەك لایەنێكی دیاریكراو. دەشڵێت، پڕۆژەی هەژماری من كۆتایی هاتوەو پاڵپشت بە یاسا كار بە تەوتین دەكەن.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەكە لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەدیدارەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەكێتی ئامادەبو، دۆخی هەرێمی کوردستان پاش هەڵبژاردن، پرسی پێشمەرگە و پێشکەشکردنی خزمەگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت رونکردەوە و رایگەیاند، "یەکێتی بەپەرۆشییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت، حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەپشتیوانیی خەڵک توانیمان کۆتایی بە تاكڕەوی بهێنین و نەهێڵین چیتر ئەم حوکمڕانییە چەوتە درێژەبکێشێت. قۆناغی داهاتوش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەمو لایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبارەی چاکسازییەکانی ناو ریزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی و لەسەر بنەمای دادپەروەری، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، "هەمووهەوڵێک لە دەرەوەی رێککەوتنەکان وەک لێدان لەم پرۆسە نیشتمانییە دەبینین، بۆیە هیوادارین هەموان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێگومان هاوکاریی دۆستەکانیشتمان لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەرز دەنرخێنین."

لەبارەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـیشەوە سەرۆکی یەکێتی وتویەتی، "ئەم پرسە کۆتاییهاتوە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەین و هەوڵەکانمان لەپێناو ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە 'تەوتین' دەکەین کە لەبەرژەوەندیی موچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×