سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئێستا کاتى دەستپێکردنى گفتوگۆیە بۆ پێکهێنانى حکومەت و دەشڵێت "پێویستە پێوەرى گفتوگۆکان ئیستحقاقى هەڵبژاردن بێت".
ئاوێنه: مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانى بەشداریکردنى لە کۆنگرەی پزیشکیی میزۆپۆتامیا لە هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، "هەڵبژاردنێکى مێژوویی لە هەرێمى کوردستان لە کەشێکى ئارام و ئازاددا بەڕێوەچوو و هیچ گرفتێک رووینەداوە ، کە زۆرکەس پێشبینیان دەکرد گرفتى گەورە رووبدات و هەڵبژاردن نەکرێت".
وتیشى، "ئێستا کاتى ئەوەیە گفتوگۆ لە نێوان سەرجەم لایەنەکان بکرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت و پێوەریش ئیستیحقاقى هەڵبژاردن بێت، لە هەمووى گرنگتر ئەوەیە حکومەتى داهاتوو لەسەر بنەماکانی، یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت، یەک هێزى پێشمەرگە بێت".
سەرۆکى پارتى باسى لەوەشکرد، "پێویستە بەرەو ئەوە بچین پشت بەخۆمان ببەستین، نەوت گرنگە بەڵام ئەمڕۆ یاخود سبەى تەواو دەبێت، بەڵام کشتوکاڵ و گەشتوگوزار تەواو نابن، واى دەبینم لە ئایندە کێشەى ئاو دەبێتە کێشەى سەرەکى، ژیان سەخت دەبێت و دەتوانین بەبێ کارەبا و ئۆتۆمبێل بژین، بەڵام بەبێ ئاو ناتوانین بژین".