پەرلەمانتارێكی یەكێتی: ئەو سەرئێشەیەی ئێستا بەهۆی تەیف سامی توشی دەبین، لەداهاتودا دەبێتە شێرپەنجە
  2025-03-14       215       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو سەر ئێشەیەی ئێستا بەهۆی تەیف سامی، وەزیری داراییەوە توشمان دەبێت لە داهاتودا دەبێتە شێرپەنجە. دەشڵێت، رێگرترن لە سیاسەتی برسیكردنی تەیف سامی دژ بە هەرێم، بەندە بە یەکگرتویی هێزە کوردییەکانەوە.

ئاوێنە: غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"سیاسەتی برسیكردن، كەڵكوەرگرتنی تەیف سامی-یو لە هەڵە و پەرتەوازەیی كورد."

ئاماژەی بەوەشداوە "لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستا، دڕدۆنگی  هێزە سیاسیەكانی هەرێم هەڕەشەی جدییە لەسەر ژیان و بژێوی خەڵك و ماف و شایستەكانمان دەخاتە مەترسییەوەو پێچەوانەكەیشی دەبێتە زرێی پاراستنی بودجە و موچە و دەستکەوتە باڵاكانی گەلەکەمان."

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی جەختیشی كردۆتەوە كە "ڕێگرتن لە سیاسەتی برسیكردنی تەیف سامی دژ بە هەرێم، بەندە بە یەکگرتویی هێزە کوردییەکان و گەڕانەوەیان بۆ بازنەی نیشتیمانی و پەرۆشبونی گوزەرانی هاوڵاتیان.

‎وتوشیەتی"تێڕوانینی ئێمە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەردەم ئەم بانگەوازە نیشتمانییە بوە كە بە یەكگرتویی و شەفافیەت بناغەی هەرێمیكی تەندروست بنیات دەنرێ و قەوارەی هەرێم لە ڕوی ئاسایشی جوگرافیا و نەتەوەیی و دارایی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ جێگیر دەبێت."

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە "دەبێت سەرکردایەتی سیاسیی کورد، لە ئەزمونەکانی ڕابردو پەند وەربگرێت و ستراتیژییەکی یەکگرتوی نیشتمانی بكاتە ئەولەویەت و كارنامەی حكومەتێكی شەفاف و ڕاشكاو كە لەسایەیدا داهاتوی خاك و خەڵك سەقامگیر و پارێزراو بێت و ئاسایشی سیاسی، دارایی و ئابوری بە شێوەیەکی زۆرباش دەستەبەر بكات."

ئەو پێشی وایە بەپێچەوانەی ئەوەوە "ئەم سەرئێشەیەی ئێستا بەهۆی وەزیرێكەوە توشمان دەبێت، لە داهاتو دەبێتە شێرپەنجە و قەوارەی هەرێم لەڕو لاواز دەكات."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×