نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا دەكات بەپەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشی وایە حكومەت بەبێ پارتی و یەكێتی پێك نایەت.
ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوایین پانێلی دیداری مێریدا لەژێر ناونیشانی "هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەوروبەرێكی پشێودا: دیدگا و ئاراستەکان"، قسەی كرد.
لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتی"تازە تەواو ئێمە هەڵبژاردنمان کردوە، ناتوانین جارێکی دیکە هەر لە کەشی هەڵبژاردن بین و دژی یەکدی قسە بکەین.."
وتیشی"دەبێ ئێمە پێکەوە کار بکەین، ئەوەی لەبەردەم ئێمەیە زۆر زۆر گەورەترە لەوەی رۆیشتوە، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت رۆڵی خۆی لە پەرلەمان ببینێت، بونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر سیستمێکی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاودێریی حکومەت و چاودێڕیی ئەدای حکومەت، ئێمەش ئەوها سەیری دەکەین: هەندێک لەم حیزبانە دێنە دەسەڵات؛ هەندێکیش دەمێننەوە و دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام ئەمانە دوژمنی یەک نین، نە دەسەڵات دوژمنی ئۆپۆزیسیۆنە و نە ئۆپۆزیسیۆنیش دوژمنی دەسەڵاتە؛ دوژمنداری نییە، رکابەری سیاسیی هەیە، بەڵام ئێمە دوژمن نین."
سەرۆكی هەرێم راشیگەیاند"دەبێ هێزە سیاسییەکان درک بەوە بکەن کاکە هەڵبژاردن تەواو بو، قسەکانمان کرد و هەریەک بەشبەحاڵی خۆی هەوڵی دا بە بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵک رازی بکات، خەڵکیش دەنگی دا بۆ ئەو لایەنەی کە مەبەستی بوە و دەیەوێ. تازە تەواو! مانەوەمان لەم دۆخە زەرەرە، چونکە خەریکە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا رودەدا، ناکرێ جارێکی دیکە ئێمە میللەتی خۆمان بێهیوا بکەین. دەبێ بە زوترین کات هەوڵبدەین حکومەتێک دروست بکەین و لایەنەکان دەست بە قسە بکەن و ئەمە هەمو خۆی پرۆسەیەکە."
وتیشی"رێزم بۆ هەمو ئەو هێزانەی کە باسی هەندێ کێشە دەکەن، من پێموایە یەکێک بوە لە پرۆسە هەرە پاکەکانی هەڵبژاردن کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا کراوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە بە دڵێکی فراوان لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکدی دابنیشن. بەپێی یاسا دەبێ سەرۆکی هەرێم داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، ئێمە هەمو ئەو پرۆسەیە دەکەین. من پێموایە حیزبە سیاسییەکان لە ئێستاوە دەستیانپێکردوە بەوەی لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ بکەن. من بۆ ئەنجامەکان نازانم؛ بەڵام خۆ ژمارەکان ئاشکرایە: کێ دەتوانێت لەگەڵ کێ قسە بکات و ئەمە مەعلومە، کورسییە و ژمارەیە، تۆ لەوە زیاتر هیچت بەدەستەوە نییە، بەپێی ئەو ژمارانە دەبێ حکومەتێکی هاوپەیمانیی بێت."
وتیشی"ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن دروست دەکرێ؟ پێموایە دەبێ هێزەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەم خاڵە بێت؛ چونکە هیچ هێزێک بەتەنیا خۆی ئەوەندە کورسییەی نییە کە بتوانێت ئەم ئیشە بکات و بە دڵنیایی دەبێ لەگەڵ حیزبەکانی دیکە هاوپەیمانێتی دروست بکات و ئەوەی کە موهیمە دەبێ حکومەتێک بە زوترین کات دروستبکرێت، ئەو حکومەتەی کە گەلی کوردستان بە هەمو پێکهاتەکانییەوە چاوەڕێی دەکات، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە لە کوردستان و بۆ پێگەکەشی گرنگە لە بەغدا."
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی كردەوە كە "ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەی رەخساندوە؛ دەفەتێکی نوێی رەخساندوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێک کە جێگەی رەزامەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت و خێری هەمو عێراقی تێدا بێت."
وتیشی"ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و دەبێ ئێمە حکومەتێکی کارا و بەهێز بە زوترین کات دروست بکەین و بکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ هەمو ئەو کێشانەی کە ئێمە ئەمڕۆ هەمانن؛ مەسەلەی بودجەیە مەسەلەی مادەی 140ـە، واتا کێشەکان هەر ئەوە نین کە ئەم دوانە بن؛ زۆر کێشەی دیکە هەن."
سەرۆكی هەرێم وتیشی"بەبێ ئەوەی لە نێو هەرێمی کوردستاندا حکومەتێکی بەهێز هەبێت، بەبێ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان دابنیشین و هێشتا لە کەشوهەوای بانگەشەدا بن، [کێشەکان چارەسەر نابن]؛ ئەمە تەواو، بانگەشەی چی، تەواو بو. ئەم خەڵکە دەنگی خۆی دا و رون بوەوە کێ چەند دەنگی هەیە و ئاشکراشە کێ دەنگی بە کێ داوە. دەبێ ئەم بابەتە کۆتایی پێبێت. ئێمە دوژمنی یەکدی نین، رکابەری سیاسین، بەڵام ئێمە نە ئۆپۆزیسیۆن، نە دەسەڵات، کەسمان لێ کەم نییە. ئێمە هەمومان لە یەک کەشتیداین و دەبێ یارمەتیی یەکدی بدەین بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە ئینشائەڵڵا بە زوترین کات [جێبەجێ بکرێت]، کە من دەڵێم بە زوترین کات، ئەگەر جەنابت پرسیارت کرد من چی دەکەم. من هەندێک بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە وەکو ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، من ئەو دەسەڵاتەی خۆم بەکاردەهێنم و هەوڵێکی جیدیش دەدەم کە بە زوترین کات حکومەت پێکبهێنرێت و هەمو لایەکیشمان دەبێ بە واقیعی سەیری ژمارەکان بکەین. سەیری کورسییەکان بکەین، ئەو حاڵەتەی پێشتری حوکمڕانی لە کوردستاندا، من پێموایە ناکرێت بەردەوام بین بەوشێوەیە؛ کاتێکی نوێیە و دەبێ بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پێشهاتانە بکەین."
لەبارەی ئەوەی كە ئایا دەكرێت حكومەتێك بەبێ پارتی یان بەبێ یەكێتی لە هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، نێچیرڤان بارزانی وتی "نەخێر."