2024-10-30   256     
سوپای ئیسرائیل دوێنی سێشەممە هەڕەشەیەکی توندی لەئێران کردو ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران جارێکی تر بەموشەک هێرشبکاتەوەسەر ئیسرائیل، توانای بێوێنە دژی تاران بەکاردەهێنین.
ئاوێنە: هرتسی هالێڤی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبەردەم ئەندامانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کە بەشدارییان لەهێرشەکەی پێشوتر بۆسەر ئێران کردبوو ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران هەڵەی ئاراستەکردنی موشەک بۆسەر ئیسرائیل بکاتەوە، ئەوە ئیسرائیل دەتوانێت بەڕێگەی نوێ بگاتە ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە لەهێرشەکەی پێشوو بەئامانج نەگیرابون.
هەروەک وتویەتی:"بەتوندی لەو پێگەو توانایانە دەدەین کە لەگورزی پێشوو بەدەرمان کردبون، ئەوەمان لەبەر هۆکارێکی سادە کردبوو، لەبەرئەوەی لەگورزی داهاتودا پێویستمان دەبێت لێیان بدەین".
شەممەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشێکی دژ بەئێران ئەنجامداو تێیدا بۆردومانی دامەزراوەکانی دروستکردنی موشەکی ئێرانی کردو سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکان وردو دروستبونو فڕۆکەکان بەسەلامەتی گەڕاونەتەوە.
ئاکسیۆس هەروەک ئاماژەی بەوەکردوە، هێرشەکە بەشێکی گرنگی بەرنامەی موشەکیی بالیستیکی ئێرانی لەناوبردوەو زیانی بەتوانای ئێران گەیاندوە بۆ پڕکردنەوەی کۆگای موشەکەکانی.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە ئەو هێرشە توانای ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی موشەک ئیفلیج کردوەو هۆشداریشیدا لەوەی هەر هەڵکشانێکی نوێ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕوبەڕوی وەڵامدانەوەی گونجاو دەبێتەوە.