وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەتوندترین شێوە ئیدانەی هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەن و پشتیوانی عێراقیش بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دوپات دەكەنەوە.
ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "قەوارەی زایۆنی دەستدرێژیكار بەردەوامە لەسەر سیاسەتەكانی دوژمنكاری و فراوانكردنی شەڕ لە ناوچەكە، ئەمجارەش دەستدرێژی كردۆتە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە چەند پێگەیەكی ئێرانی كردونەتە ئامانج."
وتوشیەتی، پێشتر عێراق هۆشداری دابو لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە "رەفتارەكانی قەوارەی زایۆنی دڕندە دژی خەڵكەكەمان لە فەلەستین و دەستدرێژییەكانی بۆ سەر لوبنان و ئەم دەستدرێژییە نوێیەشی بۆ سەر ئێران."
ئەوەشی خستۆتەڕو"عێراق بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دەكات و سەرلەنوێ پشتیوانی خۆی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دوپات دەكاتەوە."
باسم عەوادی وتوشیەتی، عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەكاتەوەو داوای راگرتنی شەڕ لە غەززەو لوبنان و پێكەوە كاركردنی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان دەكات بۆ پشتیوانیكردنی سەقامگیری لە ناوچەكە.