پەخشان عەزیزی ١٠٠ ڕۆژە لە بینینی بنەماڵە و پارێزەرەکەی بێبەش کراوە
  2024-10-16       117       

کامپینی ئازادیی پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند، ١٠٠ ڕۆژ بەسەر قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی لەگەڵ بنەماڵەکەی تێدەپەڕیت، دەشڵێن: داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی دەکەن.

ئاوێنه‌: کامپینی ئازادیی پەخشان عەزیزی لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سەبارەت بە بارودۆخی پەخشان عەزیزی لە زیندانیی ئەوین ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە كه‌ تیایدا هاتووە، ١٠٠ ڕۆژ بەسەر قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی تێپەڕیووە، لە کاتیکدا مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی نەبووە.

کامپینەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا بێبەشبوونی پەخشان عەزیزی لە مافە سەرەتاییەکانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پێناسە کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کامپینی ئازادیی پەخشان عەزیزی باس لەوەشکراوە، ئەندامانی کامپەینەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی دەستبەجێی پەخشان عەزیزی دەکەن.

جێی باسە، پەخشان عەزیزی خەڵکی شاری مهابادە و دەرچوویی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران، چالاکوانی بواری مافی ژنان و زیندانی سیاسییە لە زیندانی ئەوین، لە ٤ـی ئابی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ـی زیندانی ئەوین، بە تۆمەتی “یاخییبوون و ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژبەری دەوڵەت” زیندانیی کرا، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×