د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئەمڕۆ هەینی لە یەكەم دەركەوتنیدا لەدوای بڕیارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كشانەوەی بزوتنەوەكە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی، وەك پارێزگاری سلێمانی قسەی كردو سوپاسی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی كرد بۆ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی.
ئاوێنە: د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئەمڕۆ هەینی بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی كردو لە وتەیەكدا وتی"بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە پیرۆزبایی سەرلەنوێ نوێكردنەوەی مزگەوتی گەورەی سلێمانیتان لێدەكەم. سوپاسی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم بۆ نوێكردنەوەی مزگەوتی گەورە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامێكدا كشانەوەی حزبەكەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی خۆجێی راگەیاند.
ئەمڕۆش هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا لەوبارەیەوە رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم و كۆتایی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەم بەخشینم لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات. وتیشی، بێبەریبونی خۆمان لە هەردو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و وەک کەسێکی بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت.