سوپای توركیا رێگەیەكی نوێی سەربازی لە ئامێدی دروست دەكات
  2024-10-03       400       

تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، سوپای توركیا لە دەڤەری نهێلێ لە قەزای ئامێدی دەستی كردوە بە دروستكردنی رێگایەكی نوێی سەربازی.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لە 20ی ئەیلولەوە، سوپای تورکیا دەستیکردوە بە دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە گرێ بەهارەوە و ڕێگاکە بە پشتی گوندی گوهەرزێدا تێپەڕدەبێت و بە تۆڕێکی ڕێگاوبان بە بارەگاکانی سوپای تورکیا لە گوندەکانی سەرگەلێ و سگیرێ دەبەسترێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ڕۆژی 30ی ئەیلول، حەفارەیەکی سوپای تورکیا تێکشکێندراوە و دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە گوندەکانی بەرچێ و کانێ لە سنورەكە خراونەتە خوارەوە.

هەر ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 30ی ئەیلول لە شاخی بەهار بە چەکی قورس گورز لە حەفارەیەکی داگیرکەران وەشێنراو لە کارکردن وەستێنرا، کە لە کاری دروستکردنی ئامانجی سەربازیدا بو.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدابو كە هەمان رۆژ و لە هەمان شوێن بە چەکی قورس گورز لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی داگیرکەران وەشێنرا کە لەهەوڵی دروستکردنی ئامانجی سەربازییدا بو، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرت و بەتەواوی تێکشکا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×