بەرپرسی لقی چواری پارتی ڕایدەگەیەنێت، گەر چونە هەڵبژاردنەوە و ساختەکاری تێدا نەبو، ئەوە دەرئەنجامەکە هەرچیەک بێت قبوڵیانە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەکاتی خۆیدا ڕای خۆیان ڕادەگەیەنن، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت، "بەمەرجێک دەرئەنجامی هەڵبژاردنیان قبوڵە، بەپێی یاساکانی کۆمسیۆن ژماردن بۆ دەنگەکان بکرێت و بێ ساختەکاری، ئەوکات هەر لایەنێک براوە بو پیرۆزی بێت."
ئاوێنە: ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمەی پارتی چوینە هەڵبژاردنەوە و بەشداریمان کرد و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بو و ساختەکاری تێدا نەبو، ئەوکات ئێمە دەرئەنجامەکەی هەرچییەک بێت قبوڵمانە، بەڵام ئەگەر چوینە هەڵبژاردنێکەوە لە هەڵبژاردنەکەدا بۆمان دەرکەوت کە ساختەکاری کراوە ئەوکاتە ڕای خۆمان دەڵێین."
وتیشی،"هەڵبژاردن بەگشتی گرنگە، لەبەر ئەوەی تەنیا وەسیلەیەیکی مەدەنییە بۆ چونەوە بۆ ڕای خەڵک و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، بۆیە دو ساڵ و نیو لەمەوپێش حەزمان دەکرد هەڵبژاردن بکرایە، بەڵام خوا سەلامەتیان بکات برادەرانی یەکێتی هاوکار نەبون بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بۆیە بەو شێوازە دواکەوت."
فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،" من پێم وایە ئەنجامی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی خەڵک، گەر بێ گزی و بێ فێڵکردن و بێ مەبەستی تایبەت توانرا لە ناوەندەکانی دەنگدان دەنگدەر دەنگی خۆیدا، ئەوە ئەنجامەکەشمان قبوڵە."
وتیشی،" قبوڵکردنی ئەنجامەکە دەبێت نەک هەر ئێمە بەڵکو لایەنەکانی دیکەش پێویستە قبوڵیان بێت، بەڵام بە مەرجێک ئەو سندوقەی دەنگی دەنگدەرانی تێدایە بە پێی یاساکانی کۆمسیۆن ژماردنی بۆ بکرێت و هەر لایەنێک براوە بو پیرۆزی بێت."
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی پێشویدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕێکارێکی زۆرباش گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری و تەواوی دەرگاکان داخراون، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە ڕێگای دەست و ئەلیکترۆنی دەبێت."
وتیشی،" ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەمو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشوتر دەکرا لە بارەی ساختەکاریەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانی ساختەکاریمان داخستوە."