لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل لە دهۆكەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكات هەرگیز باوەڕ بە سیناریۆی نێوان پارتی و یەكێتی نەكەن و بە دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، سزای حزبە گەندەڵەکانی دەسەڵات بدەن.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئاهەنگی ناساندنی کاندیدانی لیستی بەرەی گەل لە پارێزگای دهۆک، وتەیەكی پێشكەش كردو رایگەیاند، داهاتی سێ دەوڵەت دێتە پارێزگای دهۆك و خێرو بێرێكی زۆری تێدایە، بەڵام بەهۆی قۆرخكاری و چەتەیی دەسەڵاتەوە خەڵكەكەی لە دۆخێكی دژواردا دەژین و بەپێی ئامارەكان دهۆک هەژارترین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.
هەروەها وتیشی، پارتی بە پشتیوانیی خەڵکی بادینان نەبێت هێزێکی بچوکە، دەبێت بادینییەکان سزای پارتی بدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەکی زۆری گەنج و لاوی ئەم دەڤەرە بێکارن، خزمەتەکان بە پارتی نەکراوە و بە بەرەی گەل دەکرێن.
جەختیشی كردەوە كە بەرەی گەل دژی داگیرکارییەکانی تورکیایە لە بادینان و دژی ئەو سنور و جیاکارییەشە كە پارتی و یەکێتی لەنێوان پارێزگاکان دروستیانکردوە.
وتیشی"هەرگیز باوەڕ بە سیناریۆی نێوان پارتی و یەکێتی مەکەن."
هێمای بۆ ئەوەش كرد"ئێمە ئەو هێزەین چیتر رێگە نادەین دەنگتان بدزرێت."
لاهور شێخ جەنگی لە بەشێكی دیكەی قسەكاندا وتی، پارتی سەرانە لە خەڵک و کاسبکاری بادینان دەسەنێت.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو دەستانە دەبڕین کە چاو دەبڕنە گیرفانی خەڵک، رێگە نادەین چیتر زوڵم و خۆسەپاندن بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا تێکبدەن.
سەرۆكی لیستی بەرەی گەل وتیشی، پارتی و یەکێتی دەناسم و دەزانم چەند هەرزانن لای نەیارانی کورد.
ئەوەشی وت، بڕۆن و بە دەنگەکانتان حزبە گەندەڵەکانی دەسەڵات سزا بدەن، پارتی و یەکێتی لە دەنگی خەڵک دەترسن و قەدری دەنگی خۆتان بزانن.