هەپەگە رایگەیاند، لە چەند چالاكییەكی گەریلادا لە ناوچەكانی رۆژئاوای زاپ و گارە، سێ سەربازی توركیا كوژراون و سێ درۆنی ئەو وڵاتەش خراونەتە خوارەوە.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 1ی ئەم مانگە لە چالاكییەكی گەریلادا لەناوچەی زاپ، سەربازێكی توركیا برینداركراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە هەمان ناوچە دوێنێ 2ی تشرینی یەكەم، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا دژ بە هێزەكانی سوپای توركیا كە لە ڕێگەی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجامدراوە، لانیكەم سێ سەربازی توركیا كوژراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەمان رۆژ و لە هەمان ناوچە لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا درۆنێك خراوەتە خوارەوەو ئەمڕۆش هەر لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، لە چالاكییەكی دیكەدا درۆنێكی دیكەی توركیا خراوەتە خوارەوە.
هەپەگە ئاماژەی بەوەشداوە، كە رۆژی 30ی مانگی رابردو لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا لە ناوچەی گارە، درۆنێكی دیكەی توركیا خراوەتە خوارەوە.