ئەندامێكی لیژنەی دارایی: سبەی بەغدا كورتهێنانی موچەی مانگی هەشت رەوانە دەكات
  2024-09-30       579       

ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سبەی سێشەممە، بەغدا ئەو كورتهێنانەی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكات كە بڕەكەی 243 ملیار دینارە.

ئاوێنە: خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتی وتوە، ئەمڕۆ دوشەممە، سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقی كردوەو وەزارەتەكە بڕیاری خەرجكردنی پارەی كورتهێنانی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی داوە.

خەلیل دۆسكی وتوشیەتی، بەهۆی دواكەوتنی رێكارەكان، ناردنی پارەكە دەكەوێتە سبەی سێشەممە، هیچ گرفتێك لە ناردنی پارەكەدا نییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بە قسەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە ئێستادا ئەوان 755 ملیار دیناریان لەبەردەستدایە بۆ موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بۆ دابەشكردنی موچە پێویستیان بە 998 ملیار دینارە، واتە 243 ملیار دینار كورتهێنان هەیە.

وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە كە گەیشتنی ئەو پارەیە لە بەغداوە دەست بە موچەی مانگی هەشت دەكەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردو وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە بەغدا ئەو كورتهێنانی بۆ موچەی مانگی ئاب دروست بوە بڕەكەی 243 ملیار دینارە رەوانە بكات.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم وتبوشی، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت.

هەورەها وتبوشی، چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×