ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ دەنگدان بە هەموواری یاسای باری کەسی و یاسای لێبوردنی گشتیی چاوەڕێی رێکەوتنی شیعە و سونە دەکرێت.
ئاوێنه: سروە محەمەد ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتی کراوە و گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر هەمووارەکە کراوە، بڕیارە سبەینێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت رێکبخات بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر یاساکە.
ئاشکراشیکرد، ئێمە دەمانەوێت، ئەو پرۆژەیەی لای ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت هەمووارەکە بکەن، بێتەبەردەستمان و گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، دواتر بخرێتە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگی لەسەربدرێت.
باسیلەوەشکرد، هەموواری یاسای باری کەسێتی پرۆژەی لایەنە شیعییەکانە، لایەنە سونییەکانیش لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆریان لە زیندانەکانە دەیانەوێت یاسای لێبوردنی گشتیی پەسەندبکرێت، ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن بۆ رێکەوتن تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجام.