سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئاهەنگی دەسپێکی بانگەشەی جوڵانەوەكەدا رایگەیاند، پارتی و یەکێتی 32 ساڵە زوڵم لە خەڵکی دەکەن، وا دەزانن بە مانگێک بانگەشە هاوڵاتیان بیریان دەچێتەوە پارتی و یەکێتی چیان لێ کردون. دەشڵێت: هەر کەسێک نەوەی نوێ بێت جگە لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نابێت رەخنە لە هیچ كەسێكی دیكە بگرێت.
ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتەیەكدا كە لە ئاهەنگی دەسپێكی بانگەشەی جوڵانەوەكەدا پێشكەشی كرد وتیشی، پارتی و یەکێتی هەر چیان وت درۆ دەکەن، پارتی و یەکێتی 33 ساڵە حکومڕانی هەرێم دەکەن، ئەگەر بەڵێنێکیان پێ دان بڵێن درۆ دەکەن، بۆچی 33 ساڵە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ ناکەن؟ با نیشانی بدەن چیان بۆ خەڵک کردوە نەک تەنیا قسەیان بۆ بکەن.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد، حەوت ساڵ لەمەوبەر لە 25ی ئەیلولی 2017، بارزانی و ئەو حزبانەی شوێنی کەوتن، ریفراندۆمێکیان توشی خەڵک کرد، 51%ـی خاکی هەرێمیان لەدەستدا، چەندین پێشمەرگە شەهید بون، ئەوکات پێمان وتن مەیکەن هاوڵاتیان زەرەر دەکەن و لە سودی ئەواندا نییە، بەڵام بە قسەی بارزانییان کرد و ریفراندۆم کرا، دۆخی خەڵک لە ئێستادا لەوپەڕی خراپیدایە بەراورد بە پێش ریفراندۆم.
ئەوەشی خستەڕو، "ئەگەر خەڵک نەچێت بۆ دەنگدان دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت، موچە و کار و کاسبی نامێنێت".
شاسوار عەبدولواحید وتیشی، ئەگەر خەڵک بچێتە دەنگدان و دەنگ بدات بە نەوەی نوێ، راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا رێک دەکەون و کێشەی مووچە چارەسەر دەکەن، هەرچی باج و باج زیادکردنە کە خراوەتە سەر شانی میللەت لادەبەن و ئەوەی ئێستاش قەرزارە، 80٪ـی قەرزەکەی لادەبەن، پلانێکی تۆکمەیان هەیە بۆ رەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن بۆ گەنجان و دەرچووانی دانەمەزراو، کەرتی حکومی لە سێکتەری پەروەردە و تەندروستی بەهێز دەکەن و دەبێت نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بە خۆڕایی بێت، ژیانی هەموو هاوڵاتیان و هەموو چین و توێژەکان باشتر دەکەن.
جەختی لەوەش کردەوە، تەواوی هێزە چەکدارەکان، دەبێت هێزی نیشتمانیی خاکی کوردستان بن و دور بن لە حزب و دەستتێوەردانی حزب، ئەوکات هێزەکان دەزانن ژیانیان چەند خۆشترە، نەک حزب دەستێوەردانیان تیادا بکات و بەهۆی کەمینەیەکەوە ناوی ئەوانیش ناشرین ببێت.
شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد، با خەڵکی کوردستان ئاگادار بن کە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ رزگاربون لەم دۆخە و لەم گوزەرانە خراپە، ئەم دەرفەتە لەدەست بدەن چەندین ساڵی دیکە بۆمان هەڵناکەوێتەوە، پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردن دەترسن و دو ساڵە دوایان خستوە، ئەمە یەکەم جارە کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و لەسەر داوای ئەوان کۆمسیۆنی هەرێم هەڵوەشایەوە و عێراق سەرپەرشتی دەکات، یەکەمین هەڵبژاردنە بە فشاری نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، "دەنگی ئێوە دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێت، خەڵکی ئێمە شایەنی خۆشگوزەرانییە، نەک ترسی هەبێت لەسەر چایەک و لەسەر فول لایتێک بکوژرێت، داهات و سەرچاوەی سروشتیمان لە زۆرینەی وڵاتان زیاترە، بەڵام حکومەتێکی باشمان نەبوە بۆیە دۆخمان بەو جۆرە خراپە، ئێمە دەبینە نمونەیەکی باشی حکومڕانی".
شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی راگەیاند، هەر کەس باسی تەزویر و ئاشکراکردنی دەنگەکانی کرد، یان ئەوەتا بێئاگایە، یان سەر بە دەسەڵاتە و دەیەوێت خەڵک نەچێت بۆ دەنگدان، ئەو قسانە هەموی درۆیە و هیچ بنەمایەکی نییە، لە هەمو هەڵبژاردنێک ئەو قسانە دەکرێت، دەیان هەزار کەسی هێزە ئەمنییەکان و سەدان هەزار هاوڵاتی دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە، بۆ ئاشکرای ناکەن؟
ئەوەشی خستەڕو، "پشت بە خوای گەورە ٢٥ رۆژی دیکە خەڵک دەچێتە دەنگدان و کۆتاییان پێ دەهێنێت و ژیانی خۆیان باش دەکەن".
لە کۆتاییشدا وتی، "هەر کەسێکتان بینی لە سۆشیال میدیا خۆی بە نەوەی نوێ ناساند، جگە لە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی رەخنەی لە هەر کەسێک گرت، سەر بە ئێمە نییە و جاسوسی دەسەڵاتە، ئێمە تەنیا ململانێمان لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانییە، هەر کەسێک نەوەی نوێ بێت جگە لەو دو بنەماڵەیە نابێت قسە بە هیچ کەسێکی دیکە بڵێت، چونکە ئەوان مایەی نەهامەتی خەڵکی کوردستانن".