ئەمشەو دوشەممە، لە گەڕەكی چوارچرای شاری هەولێر، لەبەردەم ماڵەكەیاندا تەقە لە دو ژن كرا، یەكێكیان كوژرا و ئەویدیكەیان بریندارە.
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمشەو دوشەممە، لە گەڕەكی چوارچرای شاری هەولێر و لەسەر شەقامی 20 مەتری، دو ژن كە بەڕەگەز عەرەبن، كاتێك لە بازاڕی گەڕەكەكەوە گەیشتونەتەوە بەردەم ماڵەكەیان، پیاوێك لە ئۆتۆمبێلێك دابەزیوەو بە دەمانچەو لە نزیكەوە تەقەی لێكردون، یەكێك لە ژنەكان گیانی لەدەستداوەو ئەویدیكەیشیان برینداربوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان هەردو ژنەكە لە عەرەبن و خەڵكی بەغدا، خوشكن و ماوەی چەند ساڵێكە لە هەولێر دەژین.
تەرمی كوژراوە گواستراوەتەوە بۆ پزیشكی دادی و بریندارەكەش گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن ئەو كەسەی تەقەی كردوە، پێشتر مێردی ژنە كوژراوەكە بوە كە لێی جیابۆتەوە. ئەو ژنەی كە كوژراوە خاوەنی سێ منداڵەو خوشكەكەشی كە بریندارە خاوەنی دو منداڵەو مێرددارە.
هێزە ئەمنییەكان چونەتە شوێنەكەو دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە.