پارتى داواكارییه‌ك ئاراسته‌ى به‌غدا ده‌كات
  2024-09-23       266       

پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى پڕۆسه‌ى سه‌رژمێریى دانیشتوانه‌وه‌ ئاشكراكردو داواده‌كات، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌كه‌ركوك بخرێته‌ دواى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140، به‌رپرسێكى باڵاى پارتیش ده‌ڵێت:"داوا لەئاوارەکانی شارەکە ده‌كه‌ین کە لەهەولێرو سلێمانی نیشتەجێن، بگەڕێنەوە کەرکوک بۆ ئەوەی لەقۆناغەکانی گەمارۆو ژماردن خۆیان تۆماربکەن".

ئاوێنە: محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، "دەبوایە پەلەنەکرێت‌و دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە ئەوسا پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لەم پارێزگایە بکرایە، هەربۆیە داوادەکەین ئەم پرۆسەیە دوابخرێت‌و پەلە لەجێبەجێکردنی نەکرێت، چونکە مادەی 140 جێبەجێنەکراوە".

به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى وت:"هاوڵاتییانی ئاوارەی کەرکوک ئەگەر نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەموو مافەکانیان لەهاوکارییەکانی پێدانی خۆراک لەلایەن بریکارەوە لەگەڵ بەشە نەوت‌و هەموو هاوکارییەکانی دیکەیان دەبڕدرێت‌و لەهەموو ماف‌و هاوکارییەکان بێبەشدەکرێن، هەربۆیه‌ داوادەکەین هەموو ئاوارەکانی کەرکوک لەسەرتاسەری هەرێم بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

بەرپرسی لقی سێی پارتی لەکەرکوک ئاماژەی به‌وه‌شدا، "بەگوێرەی ڕێکارو ڕێنماییەکانی سەرژمێریی گشتیی، لەخانویەکدا دەرفەت هەیە سێ خێزان خۆیان تۆمارو ناونوس بکەن، هاوڵاتییانی ئاوارە دەتوانن بگەڕێنەوەو لەماڵە خزمەکانیان خۆیان تۆماربکەن".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "گوندی زەرتک تاوەکو ساڵی 1988 کە خاپوریش کرا یەک ماڵە عەرەبی تێدانەبوو، بەڵام ئێستا لەقۆناغی گەمارۆو ژمارە لێدانی پرۆسەی سەرژمێری نزیکەی 28 ماڵە عەرەب‌و هەشت ماڵی کوردی تێدا تۆمارکراوە، لەکاتێکدا زیاتر لە 250 خێزانی ڕەسەنی خەڵکی ئەو گوندە لەناوچەکانی کوردستان پەرش‌و بڵاوبونەته‌وه‌و خەڵکی عەرەب لەجێگەی ئەوان تۆمارکراون، ئەمەش مەترسییەکانی سەرژمێری گشتییە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×