بەقسەی سێ پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق پێویستە حكومەتی هەرێم تێبینییەكانی بەغدا لەبارەی لیستی موچە جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی بەغدا موچە رەوانە بكات.
ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "موچەی مانگی 7، 600 ملیار دیناری لێبڕدراوە و موچەی مانگی 8ی پێدابەشكراوە، بەڵام موچەی سەربازیی مانگەكانی 7 و 8 نەهاتوە."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی"پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو گرفتانەی لە موچەی مانگەكانی پێشو تا مانگی 7 هەبون، چارەسەریان بكات، كە ماوەیەك درابو بە حكومەتی هەرێم بۆ لابردنی ناوە دوبارەكان و تۆماركردنی بایۆمەتری و ژمارەی پلەی وەزیفی موچەخۆران، كە لە لیستەكاندا نەبون، تا كێشەی لیستە سەربازیەكانی 7 و 8 چارەسەر بكرێت، پاشان لیستی موچەی مانگی 9 بنێردرێت بۆ بەغدا، كە بەهۆی جێ بەجێ نەكردیانەوە 600 ملیار دیناری مانگانەی لێ بڕدراوە".
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"موچەی مانگی 7 و 8 لە بەغدا تەواو بوە و ئامادەكاری دابەشكردنی موچەی مانگی 9 دەكرێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە بۆ موچە خۆران ڕونبكاتەوە كە موچەی مانگی 7ی چۆن دابەشكردوە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی"تا پێش كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بابەتی تەوتین یەكلانەكاتەوە، كە لایەنە شیعی و سونییەكان لە پەرلەمان و ئیدارەی دەوڵەت چاوەڕێی دەكەن، ئەوا موچەی موچەخۆران دەچێتە قۆناغێكی ئاڵۆزە، كە بڕیارە لە كۆبونەوە هەفتەی داهاتو، كۆتا كۆبونەوەی حكومەتی ناوەند و هەرێم بێت لە سەر ئەم بابەتە."
هاوكات چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "ئەگەر ئەو تێبینیانەی كە شاندەکەی حكومەتی عێراق لە هەولێر بە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان داوە، جێبەجێ بكرێن، ئەوا لە هەفتەی ئایندە، پێدەچێت موچەی موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت بۆ هەرێم."