دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی تۆمەتباری روداوی تەقەكردنەكەی شەوی رابردوی شەقامی مەلیك مەحمود-ی شاری سلێمانی رادەگەیەنێت كە تێیدا كەسێك كوژرا و یەكێكی دیكەش برینداربو.
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی شەوی ڕابردو 19/9/2024 لە شەقامی مەلیک مەحمود لەشاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لەنێوان سەرنشینانی دو ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری دەمانچە دو هاوڵاتی بریندار دەکات و بەداخەوە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێکیان و تۆمەتبار بەخێرایی شوێنی ڕوداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت."
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشداوە "دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەو بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە 5 کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکراو ڕوبەڕوی یاسا کرایەوە."