ئامارێكی‌ ترسناكی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا
  2024-09-15       314       

سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیجی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی 4 ساڵدا زیاتر له‌ 357 هه‌زار حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران له‌ عێراق تۆماركراوه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلولی 2024، فازڵ‌ ئه‌لغه‌راوی سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیجی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا حاڵه‌ته‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق زیادبوونی ترسناكیان تۆماركردووه‌ كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌قامگیری خێزان و كۆمه‌ڵگا دروستكردووه‌".

فازڵ‌ ئه‌لغه‌راوی ده‌ڵێت: "له‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا 357 هه‌زار و 887 حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق تۆماركراوه‌، جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "به‌پێی ئاماری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ساڵی‌ 2021 (73 هه‌زار و 155)، ساڵی‌ 2022 (68 هه‌زار و 410)، ساڵی 2023 (71 هه‌زار و 16) دۆسیه‌ی جیابوونه‌وه‌ تۆماركراوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ماوه‌ی حه‌وت مانگی ئه‌مساڵ‌ 2024دا (45 هه‌زار و 306) حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ تۆماركراوه‌".

ئه‌لغه‌راوی ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌یه‌ی نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2014 له‌ هه‌ر پێنج هاوسه‌رگیری، یه‌ك هاوسه‌رگیری به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌ و له‌ هه‌مان ماوه‌یشدا له‌ كۆی 2.6 ملیۆن هاوسه‌رگیری، 516 هه‌زار و 784یان به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌.

سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیجی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "گرنگترین هۆكاره‌كانی زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ هاوسه‌ران بریتین له‌ لێكتێنه‌گه‌یشتن و جیاوازی‌ نێوان هاوسه‌ره‌كان له‌سه‌ر ئاستی هزری و رۆشنبیری و ته‌مه‌ن، ده‌ستوه‌ردانی ئه‌ندامانی‌ خێزانی‌ ژن و مێرد و هاوڕێكانیان، زیادبوونی‌ كێشه‌ی خێزانی و توندوتیژی‌ خێزانی‌،  زیادبوونی‌ رێژه‌ی ناپاكی هاوسه‌رگیری، خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان".

ئه‌لغه‌راوی داوای له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان كرد "بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌، یاسای باری كه‌سی هه‌مواربكه‌نه‌وه‌"، داواشیكرد "هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی جیابوونه‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی. له‌سه‌ر خێزان و كۆمه‌ڵگا ده‌ستپێبكات".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×