ئەندامێکى مەکتەبی سیاسیی یهكێتی ڕایگەیاند، خەڵك لە دۆخێكی خراپی دارایی و ژیانێكی سەختدا دەژی، کە بەهۆی ئەم حكومڕانییەوەیە، كە لەهەرێمی كوردستان هەیە و حكومەتێكی كەمتەرخەم و نادادپەروەر و قۆرخكار و خۆسەپێنە و نەیتوانیوە ببێتە حكومەتی هەموو خەڵك و حكومەتی خزمەتگوزار بێت.
ئاوێنه: رەفعەت عەبدوڵا ئەندامى مەکتەبى سیاسى یهكێتی لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک بۆ لایەنگرانى حزبەکەى بەمجۆرە لەبارەى دۆخى هەرێمى کوردستان دوا، لە سەرەتاى قسەکانیدا ڕایگەیاند، خەڵك لە دۆخێكی خراپی دارایی و ژیانێكی سەختدا دەژی، کە بەهۆی ئەم حكومڕانییەوەیە، كە لەهەرێمی كوردستان هەیە.
وتیشى، حكومەتى هەرێم كەمتەرخەم و نادادپەروەر و قۆرخكار و خۆسەپێنە و نەیتوانیوە ببێتە حكومەتی هەموو خەڵك و حكومەتی خزمەتگوزار بێت.
جێگای ئاماژەیە، ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە دەكات و لە ئێستاشدا بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە.