بافڵ تاڵەبانی: هەرێمەکەمان پێویستی بەگۆڕانکارییە لەپڕۆسەی ‌حوکمڕانی‌و بەڕێوەبردن
  2024-09-09       838       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی ده‌ڵێت، "هەرێمەکەمان پێویستی بەگۆڕانکارییە لە پڕۆسەی ‌حوکمڕانی و بەڕێوەبردن و پێویستە شەرعییەت بۆ دامەزراوە یاساییەکان بگەڕێتەوە."

ئاوێنه‌: بافڵ تاڵەبانی لەهەولێر لەگه‌ڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق كۆبوه‌وه‌. له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن‌و دۆخی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووه‌، "بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنوسساز هەنگاودەنێین، هەرێمەکەمان پێویستی بەگۆڕانکارییە لەپڕۆسەی ‌حوکمڕانی و بەڕێوەبردن و پێویستە شەرعییەت بۆ دامەزراوە یاساییەکان بگەڕێتەوە. هیوادارین هەموولایەک هاوکاربن لەسەرخستنی پڕۆسەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە ببێتە مایەی سەقامگیری و بەهێزتربوونی هەرێمەکەمان."

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ رایگەیاندووه‌، "هەمیشە لەگەڵ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بوین لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکاندا، ئامانجی ئێمە بەدیهێنانی ژیانێکی دادپەروەرانەو داهاتوویەکی سەقامگیرە، هەوڵەکانیشمان لەو پێناوەدا بووە، دەمانەوێت حکومەت لەخزمەت هاوڵاتییاندا بێت و جیاوازیی لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا نەکات، وەکئەوەی بەداخەوە لەرابردوودا بینیوومانە و ژیانی خەڵک تێکەڵی ململانێ سیاسی و حزبییەکان دەکرا و حکومەت دەخرایە خزمەت بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە."

له‌باره‌ی‌ پرسی پێشمەرگەو یەکگرتنەوەی هێزەکانه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی‌ وتویه‌تی‌، "هەڵوێستمان روونەو دوپاتیدەکەینەوە؛ دەمانەوێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمەو دور لەدەستتێوەردانی حزب بونیادبنێین، بۆ ئەمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و نامانەوێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەم پڕۆسە نیشتمانییەدا دروستبکرێت، هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش لەو پێناوەدا بەرز دەنرخێنین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×