لاهور شێخ جه‌نگی‌: رێگریی لەپارتەکانی دەسەڵات بكرێت هێزی ئەمنیی دژ بەڕکابەرەکانیان بەکارنه‌هێنن
  2024-09-09       796       
لاهور شێخ جه‌نگی‌، له‌گه‌ڵ كونسوڵی‌ گشتیی به‌ریتانیا


لاهور شێخ جه‌نگی‌ داوا له‌كونسوڵی‌ گشتیی به‌ریتانیا ده‌كات رێگربن لەپارتەکانی دەسەڵات کە پارەو چەک‌و هێزی ئەمنیی دژ بەرکابەرەکانیان بەکارنه‌هێنن. هه‌روه‌ها جه‌ختله‌ بەرێوەچونی "هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەردو دور لەساختەکاریی‌و دەستێوەردان" ده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌، سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل له‌شاری‌ سلێمانی‌ لەگەڵ ئەندرو بیزلی، كونسوڵی‌ گشتیی به‌ریتانیا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبوه‌وه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردو دور لەساختەکاری و دەستێوەردان و رێگرییکردن لەپارتەکانی دەسەڵات کە پارەو چەک و هێزی ئەمنی دژ بەرکابەرەکانیان بەکاربهێنن، گرنگترین تەوەری گفتوگۆکانمانبو لەگەڵ کونسوڵی بریتانیا لەهەرێم."

لاهور شێخ جه‌نگی‌ ده‌ڵێت، "بیرورامان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی بارودۆخی گشتی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان. جەختمانکردەوە لەسەر گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمان و رامانگەیاند کە لەمێژوودا هەرێمی کوردستان گرنگترین و چارەنوسسازترین هەڵبژاردن بەرێدەکات بۆ گۆڕانکاری و گۆڕینی تەراوزی هێز بەو مەرجەی زۆرترین رێژەی بەشداری و دەنگدان هەبێت."

راشیگه‌یاندووه‌، "باسمان لەبەرێوەچوونی پرۆسەکە کردو جەختمانکردەوە لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لەتەزویر و ساختەکاری و رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کە دەنگدەران بتوانن بەو پەری ئازادییەوە بەشداری لەو پرۆسە دیموکراسیە بکەن. داوامانکرد کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دامەزراوە و رێکخراوە تایبەتمەندەکان چاودێریی ووردی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان بکەن."

لاهور شێخ جه‌نگی‌ ده‌شڵێت، "دووپاتمانکردەوە، کە ئێمە وەک بەرەی گەل بە بەرنامەیەکی بەهێزەوە خۆمان ئامادەکردووە، دەمانەوێت گەلەکەمان لەم نەهامەتیە ڕزگار بکەین کە حزبەکانی دەسەڵات  بەسەریان هێناون، دەمانەوێت هیوا و ئومێد بۆ گەنجەکانمان بگەڕێنینەوە و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابین بکەن. کار بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و دانانی دەستورێکی هەمیشیەیی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین، پێویستە هەرێم خاوەنی دەستورێکی گەل پەسەند و هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانیی بێت."

بڕیاره‌ رۆژی‌ 20ی‌ 10ی‌ 2024 هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×