مەسعود بارزانی: مێژوی خەبات‌و قوربانیدانی گەلی كوردستان‌ لەبابەتی موچەدا بچوك نه‌كرێتەوە
  2024-09-09       510       

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابوری كۆبوه‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "لەبری ڕێزگرتن لەداواكانی گەلی كوردستان‌و قەرەبوی ئەنفال‌و كیمیاباران، ناكرێ هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژویی‌و خەبات‌و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لەبابەتی موچەدا بچوك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت".

ئاوێنه‌: ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌ له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ ئەنجومەنی وەزاریی عێراق:


ڕۆژی دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان فواد حوسێن جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلان دانان و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەڕێز حەمید نەعیم خزیر سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڕێز عەلی موحسن ئیسماعیل پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی لە وەزارەتەكانی دەرەوە و پلاندانان و دارایی و نەوت و بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكان و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەروەها سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئەوراقە داراییەكانی عێراق.

لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و خەبات لەدژی دیكتاتۆریەت هەبوو، هەروەها ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمیان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. هەروەها شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە كە چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم سوودبەخش بووە و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵی كرد و هیوای ئەوەی خواست كە ئەو سەردان و یەكتردیتنە ئەنجامێكی ئیجابی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت. 

سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەم و هەروەها ئەوەشی بە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند كە لەدوای 2003 ئەو چاوەڕوانییە هەبوو كە عێراقێكی تازە بنیات بنرێت كە ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و شەراكەت و دیموكراسی و فرەیی لە ناوچەكەدا. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت.

سەرۆك بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ئاماژەشی بەوەدا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بین كە لایەنەكانی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێك كەوتوون. سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران سودانی هەبوو بۆ نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان و ئەوەشی دووپات كردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسیەكان پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بوون كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەكی دیکە لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×