وتەبێژى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی وردبینی لە ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، دەشڵێت، دوای ئەم پرۆسەیەش کۆمسیۆن کاتی دەستپێکردنی بانگەشەى هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.
ئاوێنه: جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بارەى وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو.
جومانە غەلاى ڕایگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە وردبینی ناو و کەسایەتی کاندیدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان.
باسى لەوەشکرد، دوای کۆتایی هاتنی ئەم پرۆسەیە کۆمسیۆن ناوی کاندیدان پەسەند دەکات و کاتی دەستپێکردنی بانگەشە بۆ هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.
بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆكایەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە، بڕیارە ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرەشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت.