وفدی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق گه‌یشتنه‌ هەولێر
  2024-09-07       341       
فوئاد حسێن‌و تەیف سامی له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌فدێکی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان‌و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێکرا. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق له‌وه‌فده‌كه‌دایه‌.

ئاوێنه‌: بڕیاره‌ سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌، کۆبونەوەكانی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستان بەئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێبکات.

مانه‌وه‌و كۆبونه‌وه‌كانی‌ وه‌فده‌ عێراقییه‌كه‌ ماوەی دو ڕۆژ دەخایەنێت‌و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسه‌رکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەپێی دەستور دەکرێت، بەتایبەتی مافە دەستوریی‌و شایستە دارایی‌و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.

وفدی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق پێكدێت لە: فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرۆکی ئەنجومەنەکە؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی؛ ئەحمەد جاسم سابر، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی؛ حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی؛ فەیسەڵ وسام، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان؛ عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن؛ ئەحمەد عەبدولجەبار کەریم، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان؛ میساق عەبدولحوسێن، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ؛ عەباس نەسروڵا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری و چەندین بەرپرسی دیکەی‌ حكومه‌تی‌ عێراق.

پێشتر د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاندبو، "له‌كۆبونوه‌كاندا باسی تێبینییەکانی بەغدا لەبارەی لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت‌و تیشک دەخرێتە سەر چارەسەرەکان،  بەتایبەت نەبونی بایۆمەتری بەشێک لەموچەخۆران‌و ئەو موچەخۆرانەی لەسنوری ماددەی 140ن‌و موچەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×