وفدی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق سه‌ردانی‌ هەولێر ده‌كات
  2024-09-07       281       
یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی‌ هاتنی‌ وه‌فده‌كه‌، چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ لیستی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانه‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، وه‌فدی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق دەگاتە هه‌ولێرو سبه‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌، کۆبونەوەكانی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق‌و هەرێمی کوردستان بەئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێده‌کات.

ئاوێنه‌: بڕیاره‌ كاتژمێر 7ی‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مِرۆ وه‌فده‌كه‌ بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو سبه‌ینێ کۆبونەوەكانی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستان بەئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێبکات.

مانه‌وه‌و كۆبونه‌وه‌كانی‌ وه‌فده‌ عێراقییه‌كه‌ ماوەی دو ڕۆژ دەخایەنێت‌و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەپێی دەستور دەکرێت، بەتایبەتی مافە دەستوریی‌و شایستە دارایی‌و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.

وفدی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق پێكدێت لە: فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرۆکی ئەنجومەنەکە؛ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی؛ ئەحمەد جاسم سابر، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی؛ حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی؛ فەیسەڵ وسام، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان؛ عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن؛ ئەحمەد عەبدولجەبار کەریم، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان؛ میساق عەبدولحوسێن، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ؛ عەباس نەسروڵا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری و چەندین بەرپرسی دیکەی‌ حكومه‌تی‌ عێراق.

د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، "له‌كۆبونوه‌كاندا باسی تێبینییەکانی بەغدا لەبارەی لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت‌و تیشک دەخرێتە سەر چارەسەرەکان،  بەتایبەت نەبونی بایۆمەتری بەشێک لەموچەخۆران‌و ئەو موچەخۆرانەی لەسنوری ماددەی 140ن‌و موچەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×