مووچەی زیندانییانی سیاسی لەگەڵ عێراق هاوتا دەكرێت
  2024-09-07       374       

بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، دۆسیەی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغداد هەنگاوی باشی بڕیوە و لەچەند ئاراستەیەکەوە کاردەکەن بۆئەوەی بتوانن زیندانییە سیاسیەکان بەماف و شایستەکانیان بگەن.

ئاوێنە::ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە میدیاکانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەچەند لایەکەوە هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان هاوتابکرێت لەوانەش لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەپلانیشیاندایە لە داهاتوودا کاتێک سەردانی بەغداد دەکەن داوای پشتیوانی لە نوێنەرانی کورد بۆ ئەم دۆسێیە بکەن.

تاوەکو ئێستا ٢٥ هەزار و ٨٠٧ زیندانیی سیاسی دۆسیەکانیان پەسەندکراوە و پشتراستکراونەتەوە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنها پێنج هەزارو ٢١٦ کەسیان مووچەیان وەرگرتووە و ئەوانیتر مووچەیان وەرنەگرتووە.

زیاتر لە ١٩ هەزار زیندانیی سیاسی لە ٢٠١٣ وە چاوەروانی وەرگرتنی مووچەن بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچەیان پێنەدراوە، لەهەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ مووچە بە زیندانیانی سیاسی دراوە، مووچەکەشیان لە ٢٥٠ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ٥٠٠ هەزار دینارە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×