نووسینگەی ئامەدی کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، کە دادگای تورک ژنان ناپارێزێت و ڕایانگەیاند، “هەموومان لەژێر هەڕەشەداین”.
ئاوێنه: نووسینگەی ئامەدی کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنان بە بۆنەی دەسپێکی ساڵێکی دادوەرییەوە لەبەردەم دادگای ئامەد گردبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە و تیشکی خستەسەر توندوتیژی دژی ژنان لە سیستەمی یاساییدا.
بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و ژمارەیەک پارێزەر بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون، پارێزەر جانسەل ئاتالای ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند ژنان بە دەسەڵاتە هەژموونگەرە جۆراجۆرەکانی پیاوان گەمارۆدراون.، تەنها لە مانگی ئابدا ٣٣ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ٢٤ ژن بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ڕۆژانە لانی کەم ٥ ژن دەکوژرێن. ئاتالای ڕایگەیاند بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی سەر ژنان، هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتەبەر، سیاسەتی دەربازبوون لە سزا لە کەیسی توندوتیژی ژناندا پیادە دەکرێت، گوتی: “ئەم یاسایەی هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدەین، ئێمە ناپارێزێت هەموومان لەژێر هەڕەشەداین.”