ئەپیکۆر: عێراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ ھەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێم نەناوە
  2024-09-06       248       

وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیکۆر رایگەیاند، حکومەتی عیراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم نەناوە کە تائێستا زیانەکانی راگرتنەکەی گەیشتوەتە 19 ملیار دۆلار.

ئاوێنە: مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵە پیشەسازیی نەوتی کوردستان-ئەپیکۆر بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاندوە، حکومەتی عیراق ھیچ رێکارێکی بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەگرتوەتەبەر، لەکاتێکدا تورکیا رایگەیاندوە ھێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان ئامادەیە و حکومەتی ھەرێمیش رەزامەندی نیشانداوە، ئەپیکۆریش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

وتیشی، دوبارە ھەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیھان دەرفەتێکە بۆ عیراق بۆ ئەوەی پشکی خۆی لە بازاڕی جیھان زیادبکات و پەرە بە ئابورییەکەی بدات، بۆیە چاوەڕێی ھەنگاوی کرداریین.

سەبارەت بە رای کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردن، بەڵام لەکاتێکدا رێککەوتنێک ھەبێت کە تێچوی ھەناردەی پێشو، ئێستا و داھاتوشدەستەبەربکات، پارەپێدانیش بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت و رەچاوەی مەرجە بازرگانییەکانیشی تیادا بکرێت.

مایڵز کاگینز ئەوەشی خستەڕو، زیانەکانی راگرتنی ھەناردەی نەوت مانگانە یەک ملیار دۆلارە کە بەر حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و عێراقیش دەکەوێت، کە کۆی گشتی دەکاتە 19 ملیار دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×