سەنتەری میترۆ بەتوندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی دەكات و دەڵێت، ئەم كردارە كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە.
ئاوێنە: دوێنێ هێزێكی ئەمنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەستی گرت بەسەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر كە ڕادیۆی مەدەنیەت، بنكەو سایتی گەلاوێژ، سایتی چاودێر، سایتی روانگەو رەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پڕۆژەی پەیكەرسازی چاودێر، گەلەری چاودێر، لە خۆ دەگرێت.
لەوبارەیەوە سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی بە توندی ئیدانە دەكەین، كە كەسایەتی دیاری رۆشنگەری و سیاسی مەلا بەختیار، سەرپەرشتییان دەكات، ئەم كردارەش كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە."
ئاماژەی بەوەشداوە "شۆكهێنەرە پایتەختی رۆشنبیری بكەوێتە دۆخێك كە داخستنی دەزگایەكی ڕۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی حزبێكی ئەندام لە Socialist International، ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی كۆتایی هەفتە."
دەقی راگەیەندراوەكە:
هزر و رۆشنبیری ئۆفیس نین تا دابخرێن
سلێمانی، 6ی ئەیلولی 2024: سەنتەری میترۆ بەتوندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی دەكات، رایدەگەیەنین ئەم كردارە كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە.
شەوی رابردو هێزێكی ئەمنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەستی گرت بەسەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر كە ڕادیۆی مەدەنیەت، بنكەو سایتی گەلاوێژ، سایتی چاودێر، سایتی روانگەو رەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پڕۆژەی پەیكەرسازی چاودێر، گەلەری چاودێر، لە خۆ دەگرێت.
هاوكات ماڵپەڕی (PUKMEDIA) راگەیەندراوێكی دامەزراوە داراییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بڵاوكردەوە، دەڵێت "بارەگای دامەزراوەی چاودێر كە موڵكی یەكێتییەو سەرجەم پێداویستییەكانی لەلایەن دامەزراوەی داراییەوە دابینكرابو كە ئێستا لێپرسراوەكەی پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەماوە، وەرگیراوەتە".
میترۆ لە دەرەوەی جیاوازیی هزری و حیزبی و سیاسییەكاندایە، بەڵام بە ئەركی خۆمانی دەزانین دژ بە هەمو هەوڵێكی دەمكوتكردن و داخستن و كۆتاییهێنان بە دەزگا مەدەنی و میدیایی و رۆشبیریی بوەستینەوە، چونكە وەك پرەنسیپ بڕوامان بە مافی جیاوازبون و سەروەریی یاسا و دورخستنەوەی هێزە لە ململانێ سیاسی و حیزبی.
هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی بە توندی ئیدانە دەكەین، كە كەسایەتی دیاری رۆشنگەری و سیاسی مەلا بەختیار، سەرپەرشتییان دەكات، ئەم كردارەش كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە.
ئەم هەڵوێستەی میترۆ بەرگریكردنە لەو ڕۆڵە گرنگەی چالاكی فیكری و فەرهەنگی ئەو دەزگایە دەیگێڕن، كە سروشتی چالاكی حزبی تێپەڕاندوە، بونەتە دیاردەیەكی فەرهەنگی و فیكریی دیاری هەرێمی كوردستان.
خۆمان بەداكۆكیكاری مافی ئازادی ڕادەربڕین و فرەیی دەزانین، ئەمەش یەكێكە لە سیما كلتوریی و مێژوییەکانی شاری سلێمانی كە ناوێكی پرشنگداری كوردستانە، بەڵام شۆكهێنەرە پایتەختی رۆشنبیری بكەوێتە دۆخێك كە داخستنی دەزگایەكی ڕۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی حزبێكی ئەندام لە Socialist International، ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی كۆتایی هەفتە.
لەبارەی میترۆوە:
میترۆ لە ئابی 2009دامزراوە ، 13 راپۆرتی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردۆتەوە، لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پاڵپشتی كراوە.