هەپەگە ڕایگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا هێزەكانیان 17 چالاکییان لە دژی سوپای توركیا ئەنجامداون و لانیكەم چوار سەربازی توركیا كوژراون دوانی دیکەش برینداربون، یەکێک لەوانەی كوژراوە فەرماندەیە و ناوی عوسمان ئایانە.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، هێزەكانی گەریلا لە رۆژانی 2 تا 5ی ئەیلول، 17 چالاکییان لە گەڤەر، خواکورک، مەتینا، ڕۆژئاوای زاپ لە دژی سوپای توركیا ئەنجامداون.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا، لانیكەم چوار سەربازی توركیا كوژراون کە یەكێکیان فەرماندەیە و ناوی عوسمان ئایانە كە توركیا هەوڵی شاردنەوەی هۆکاری مردنەکەی دا و وتی “بە جەڵدەی دڵ مردوە” بەڵام لە ڕاستییدا لە چالاکیی گەریلاکانی ئازادییدا لە 2ـی ئەیلول لە ناوچەی خواکورک كوژراوە.
ئەوەش خستۆتەڕو، لەو چالاكیانەدا لانیكەم دو سەربازی دیكەش بریندار بون و هەروەها کامێرایەکی چاودێری و ئامێرێکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەناوبراون.