سەندیكای رۆژنامەنوسان لە هەولێرەوە ئیدانەی هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودێر دەكات
  2024-09-06       311       

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە هەولێرەوە ئیدانەی هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودێری سەربە مەلا بەختیار دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە كە تاوەكو ئێستا لقی سلێمانی سەندیكاكە لەوبارەیەوە هیچ راگەیەندراوێكی بڵاونەكردۆتەوە.

ئاوێنە: لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسانی سەندیكای رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی "هەڵكوتانە" سەر دەزگای چاودێر دەكات لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزێكی كۆماندۆوە.

راگەیەندراوەكەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كە لە هەولێرەوە دەركراوە، لەكاتێكدایە كە لقی سلێمانی سەندیكاكە تا ئێستا هیچ راگەیەندراو و لێدوانێكی لەبارەی ئەو روداوەوە نەداوە.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان وتویەتی"دوێنێ بەرواری 2024/9/5 هێزێکی کۆماندۆ دور لەهەمو پرنسیپێکی ئیتیکی و یاسایی هەڵدەکوتنە سەر دەزگای روناکبیری و راگەیاندنی چاودێر لەشاری سلێمانی و دایدەدەخەن و دەست بەسەر هەمو کەلوپەلەکەیدا دەگرن."

وتوشیەتی"ئێمە لەلیژنەی داکۆکی لەئازادیی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لەسەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارانە بەرامبەر هەر دەزگایەکی رۆشنبیری و راگەیاندن دەکەین و بە مەترسی بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و رەوتی رۆشنبیری گەلی کوردستانی دادەنێین، ئەمە  نیشانەی پێشێلکردنی یاساو هەمو پرنسیپەکانی یاسای راگەیاندن و ئازادیی رادەڕبرینە، جگەلەوەی دۆخێکی نائارامی و دڵەراوکێ و بێزاری لای دانیشتوانی ئەم ناوچانە دروست کردوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"داواکارین هەرچی زوترە بەر لەم جۆرە کارانە بگیرێت و مافی کارکردن بۆ دەزگای ناوبراو بگەڕێنێرێتەوە. لەکاتی لێپێچینەوە لەهەر دەزگایەکی راگەیاندن رەچاوی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 بکرێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەیاننامەی  لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان تایبەت بە هەڵکوتانە سەر دەزگای راگەیاندن و روناکبیری چاودێر لەشاری سلێمانی

لەکاتێکدا هەرێمەکەمان بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەرێت کە بەرەو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەچین، دۆخێکی نائارامی دەرونی لای هاوڵاتیان هەیە بەهۆی گرژییە سیاسییەکانەوە. دوێنێ بەرواری 2024/9/5 هێزێکی کۆماندۆ دور لەهەمو پرنسیپێکی ئیتیکی و یاسایی هەڵدەکوتنە سەر دەزگای روناکبیری و راگەیاندنی چاودێر لەشاری سلێمانی و دایدەدەخەن و دەست بەسەر هەمو کەلوپەلەکەیدا دەگرن.

ئێمە لەلیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لەسەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارانە بەرامبەر هەر دەزگایەکی رۆشنبیری و راگەیاندن دەکەین و بە مەترسی بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و رەوتی رۆشنبیری گەلی کوردستانی دادەنێین، ئەمە  نیشانەی پێشێلکردنی یاساو هەمو پرنسیپەکانی یاسای راگەیاندن و ئازادیی رادەڕبرینە، جگەلەوەی دۆخێکی نائارامی و دڵەراوکێ و بێزاری لای دانیشتوانی ئەم ناوچانە دروست کردوە.

بۆیە داواکارین هەرچی زوترە بەر لەم جۆرە کارانە بگیرێت و مافی کارکردن بۆ دەزگای ناوبراو بگەڕێنێرێتەوە. لەکاتی لێپێچینەوە لەهەر دەزگایەکی راگەیاندن رەچاوی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 بکرێت.

لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان

سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان

هەولێر

2024/9/6

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×