كەجەكە لەبارەی كردنە ئامانجی كەسانی مەدەنی لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە هۆی رێککەوتنەکانی لەگەڵ توركیا زەمینەی بۆ کۆمەڵکوژییەکان خۆش كردوەو زیادبونی هێرشەكانی توركیا، لێکەوتەی رێککەوتن و پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ عێراق. دەشڵێت: "بەرپرسیاری سەرەکی کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی لە باشوری کوردستان پارتی و بارزانین."
ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەردا بۆ سەر باشوری کوردستان، ژمارەیەکی زۆر کەسی مەدەنی، خەڵکانی وڵاتپارێزی گەلەکەمان شەهیدبون، ژمارەیەکی زۆریش برینداربون. ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لەو هێرشانەدا شەهیدبون و هاوکات هیوای چاکبونەوەش بۆ برینداران دەخوازین."
كەجەكە وتوشیەتی"ئەو هێرشە نامەردانەیەی دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە بە توندی شەرمەزار دەکەین. هەروەها حکومەتی عێراقیش شەرمەزار دەکەین کە کە بە هۆی پەیوەندی و رێککەوتنەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بناغە و زەمینەی بۆ کۆمەڵکوژییەکان دروست کردوە. ئاشکرایە کە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک کە زیادیان کردوە، لێکەوتەی رێککەوتنە چەپەڵەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقە. سەلمێندراوە کە ئەوە بە واتای داگیرکەری و کۆمەڵکوژیە. دەبێت بزانرێت کە هێرشەکانی ئێستا و لەمەودوا لە سەر باشوری کوردستان و عێراق، لە داگیرکەری و کۆمەڵکوژیەکاندا هێندەی دەوڵەتی تورک حکومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دادەنرێت. هەروەها ئەو هێزانەی پشتیوانی لە عێراق دەکەن، دەبنە هاوبەشی ئەو هەڵە مێژوییە، یاخود ئەگەر بە ئاشکرا هەڵوێستیان نییە، دەبنە تاوانبار."
كەجەكە ئاماژەی بەوەشداوە "هۆشداری دەدەینە هێزە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی حکومەتی عێراق کە لەو پەیوەندییە مەترسیدار و هەڵانە لە گەڵ دەوڵەتی تورک پاشگەز ببنەوە. ئەو پەیوەندیانە لە خزمەت بەرژەوەندی چەپەڵدایە کە ئامانجەکەی داگیرکردن و قڕکردنە لە کوردستان، هەروەها عێراق دەخاتە ژێر هەژمونی دەوڵەتی تورک، ئایندەی ئازادی دیموکراتیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسیەوە."
بەبڕوای كەجەكە "بەهۆی ئەم پەیوەندییە هەڵانەی حکومەتی عێراقەوە، عێراق بە خێرایی بەرەو لایەنێکی هەڵە و مەترسیدار چوە، ئەو هێزانەی کە دەڵێن دژی ئەم ڕێڕەوەن، پێویستە هەڵوێستێکی بەهێزتر نیشان بدەن، نەک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا پێویستی بە هەڵوێستێکی بەهێز هەیە."
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەیدا كەجەكە وتویەتی"بەرپرسیاری سەرەکی کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی لە باشوری کوردستان پارتی و بارزانین، پارتی و بارزانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بونەتە هاوبەشی لەناوبردنی کورد و بۆ کوردستان بونەتە گەورەترین هەڕەشە، بارزانی بۆ ئەوەی هەڵوێستی هاوکاریی و خیانەتی خۆی داپۆشێت و ئەمە ڕەوا بکات، دەوڵەتی عێراقی ناچار کرد کە پەیوەندییەکی لەم جۆرە دروست بکات، ئەگەر باسی وڵاتپارێزیی بکرێت، بە ناوی وڵاتپارێزییەوە شتێک بکرێت، پێش هەمو شتێک دەبێت ئەم مەترسییە ببینرێت و بەرامبەر بەم مەترسییە هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدرێت، دەبێت سیاسەت، هێزە وڵاتپارێزەکان و ڕۆشنبیرانی کورد بەم بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت بکەن و پێشەنگی ئەمە بکەن، گەلەکەشمان دەبێت بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبێت، دژی کۆمەڵکوژیی و هێڵی خیانەتی هاوکاران هەڵوێستی خۆی بە بەهێزی نیشان بدات."